پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنەکان لە کۆبوونەوەدان

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پیرمان دەستیپێکرد، بەگوێرەی زانیارییەکان گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تەمووزی 2023، شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام و هەردوولا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی هەنوکەیی تایبەت هەرێمی کوردستان و عێراق، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، لە کۆبوونەوەدان.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، مەحموود محەممەد، زاگرۆس فەتاح. شاندی یەکێتی لە بافڵ تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، جەعفەر شێخ مستەفا، شاڵاو عەلی عەسکەری.

پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانە.

ئەمە لەکاتێکدایە پارتی چەند جارێک بە فەرمی جەختی لەوەکردووەتەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوێکی نزیکدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

بڕیارە لە 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەبچێت، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە لیستیان دەبێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات و بنکەکان کراوە دەبن.