فازڵ حاجی: جێگیرکردنی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بۆ بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵک نییە
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ، خنکان و ئاگركه‌وتنه‌وه، هه‌ردوو گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی و هاتووچۆی هه‌ولێر وێڕای پێدانی چه‌ند رێنماییه‌ك، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه‌لوپه‌لی پێویست بۆ رزگاركردنی مرۆڤ له‌كاتی روودانی رووداوه نه‌خوازراوه‌كان به‌رده‌ستن و تیمه‌كانیش هه‌میشه ئاماده‌ن. ده‌شڵێن: مرۆڤ هه‌ڵه ده‌كات و ئۆقره‌یان نییه.
به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، میوانداری هه‌ریه‌ك له سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگریی شارستانی هه‌ولێر و فازڵ حاجی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێری كرد.
سه‌ره‌تا سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش له‌باره‌ی زۆربوونی رێژه‌ی رووداوه‌كانی خنكان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌هۆی ڵێڵی و تاریكی، تیمه‌كانمان، ناتوانن له شه‌ودا ته‌رمی خنكاوان بدۆزنه‌وه. ده‌شڵێت: خه‌ڵك هاوكار نیین و به‌رده‌وام روو له‌و شوێنانه ده‌كه‌ن كه بۆ مه‌له‌كردن ناشێن.
كاڕه‌ش هه‌روه‌ها گوتی: "پێویستمان به ئامێری سۆنار بۆ گه‌ڕان به دوای ته‌رمی خنكاوان له ژێر ئاودا هه‌یه، چونكه ئه‌وكات پێویست ناكات كارمه‌ند ره‌وانه‌ی ژێر ئاو بكه‌ین".
ده‌شڵێت: "ئه‌و كارمه‌نده‌ی ده‌چێته ژێر ئاو، به‌رده‌وام ژیانی له مه‌ترسیدایه".
گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر باسی له‌وه‌شكرد، كارمه‌ندانمان له عێراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات مه‌شقیان پێكراوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆی نه‌شاره‌زایی له مه‌له‌كردن، له وه‌رزی هاوین و گه‌رما و هاتنی گه‌شتیاران، رێژه‌ی خنكان به‌رزده‌بێته‌وه.
سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاتێك تابلۆی ئاگاداركردنه‌وه له شوێنه قووڵه‌كانی نزیك رووباره‌كان داده‌نرێت، خه‌ڵك پابه‌ندی نابن و ته‌نانه‌ت لێی ده‌كه‌نه‌وه.
هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌وانه‌ی كه له رووباره‌كان ده‌خنكێین، ته‌مه‌نیان له نێوان 15 بۆ 22 ساڵانه.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه فازڵ حاجی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی هه‌ولێر باسی له‌وه كرد، رووداو له‌كاتی بوونی هه‌ڵه‌دا دروست ده‌بێت، واته ئه‌گه‌ر پابه‌ندی رێنماییه‌كانی هاتووچۆ بین، بێگومان رووداوه‌كان كه‌مترده‌بنه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: شۆفێران ئۆقره‌یان نییه و له‌هه‌ر هه‌موو جیهان مرۆڤ هۆكاری دروستبوونی رووداوی هاتووچۆیه.
له‌باره‌ی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ فازڵ حاجی روونیكرده‌وه، سه‌ره‌تای دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ، خه‌ڵك وایانزانی ئێمه رێگر و دزمان له‌سه‌ر رێگه داناوه، تاكو گیرفانی خه‌ڵك به‌تاڵ بكه‌ینه‌وه، كه وانییه، چونكه ئێمه كامێرامان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دانا، تاكو شۆفێران به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێری دابن و هه‌ڵه نه‌كه‌ن.