جێگری کونسوڵی ئەڵمانیا: پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە

K24 – هەولێر

جێگری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باش و توندوتۆڵمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم پەیوەندییانەش هەر لە سیاسی و سەربازییەوە بگرە تا دەگاتە کولتووری، ئابووری، پەروەردە و بوارەکانی دیکە خۆیان.

سڤێن مۆسلەر جێگری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە لە ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەدا چالاکبووین لە بوارە جیاوازەکاندا هەر لە سیاسیەوە تا سەربازی و کولتووری و پەرەپێدانی ئابووری، وەک دەزانن ئێمە لە پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەدا چالاکین و سەربازەکانمان لە وەزارەتی بەرگری هاوبەشی نزیکی پێشمەرگە قارەمانەکانن هاوکاریانن لە بنیادنانی تواناکانیان".

گوتیشی: "لە بواری هەماهەنگی و پەرەپێداندا چالاکبووین، بەتایبەت چاومان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان بووە هەروەها ئاوارە و پەنابەران بەگشتی، ئێستاش لە پرسی گۆڕانی کەشوهەواش و بەهێزکردنی ژناندا چالاکین، پەیمانگەیەکی زۆر باشمان هەیە ئەمەش هاوبەشی کولتووری ئێمەیە، فێستیڤاڵی فیلم و کۆنسێرت رێکدەخەن. پلانیشمان هەیە سەنتەری ئەڵمانی فەرەنسی لە هەولێر، لەسەر قەڵای جوان بکەینەوە. وەک بینیتان مانگی یەکی ئەمساڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەی دانا".

جێگری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر راشیگەیاند: "ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی پڕۆژەیەکی دیکەی ئەڵمانیایە و پڕۆژەی زۆر باشمان هەیە لەنێوان زانکۆکانی ئەڵمانیا و زانکۆکانی کوردستان، باوەڕیشم وایە پەروەردە بەردی بناغەی بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتووە، خۆشحاڵم لەم بوارەشدا چالاکیمان هەیە، بەگشتی پێموایە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر بنەمانی متمانە و بەرژەوەندی هاوبەش و دوولایەنە دروستبووە، بینیتان چەندین بەرپرسی باڵای ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، دوایین سەردان لەلایەن ئانالینا بایربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بوو لە ئاداری ئەمساڵ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، چەندین شاندی باڵای دیکەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە".

 سڤێن مۆسلەر، ئاماژەی بەوەشدا: "ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەرلینی کرد و راوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵزی بینی، ئەمە بەڵگەی بەهێزی پەیوەندییەکانمانە، ئەمەش گرنگە، چونکە دەتوانین چارەسەری زۆر کێشە بکەین کە جێگەی نیگەرانین بۆ هەردوولامان، ئینجا پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بێت یان ئازادی میدیا بێت یان کاری رێکخراوە ناحکومییەکان بێت. بۆیە من پێموایە پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە لەسەر بنەمای متمانە و هاورێیەتی وامان لێدەکات ئەو کێشانەی هەردوولامان نیگەران دەکات چارەسەریان بکەین".