ئاراس فوئاد: لە کابینەی نۆیەم بودجەی تایبەت بۆ پاککردنەوەی شار و شارۆچکەکان تەرخان کراوە

K24 - هەولێر

ئاراس فوئاد بەڕێوەبەری ژینگە و خۆڵ و خاشاک لە وەزارەتی شارەوانی، بە کوردستان24ی راگەیاند، لە ئێستادا 31 گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە بۆ پاککردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانی ئەوان بریتییە لە دوو بەش، بەشی یەکەم کۆکردنەوە و داپۆشینی زبڵ و خاشاک، بەشی دووەمیش چارەسەرکردنە وەکخۆی دەڵێت: "وەکو وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەمان هەیە بۆ چارەسەری زبڵ و خاشاک، یەکێک لە پڕۆژەکانمان جیاکردنەوەی خاشاکە لە سنووری پارێزگای دهۆک، پڕۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، کەرەستەکان جیا دەکرێنەوە بۆ ئەوەی دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، هەر لە پارێزگای دهۆک و لە سنووری قەزای ئاکرێ پڕۆژەیەکی دیکەی جیاکردنەوخاشاکمان هەیە".

ئاراس فوئاد، راشیگەیاند، پرۆژەیەکی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ جیاکردنەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ و خاشاک لە قۆناغی راوێژکارییە و گرێبەستێکی راوێژکاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری هەیە، بەڵام هێشتا ئەو قۆناغە تەواو نەبووە تا بچێتە بواری جێبەجێکردن".

راشیگەیاند: "لە کابینەی نۆیەم کێشەی کۆکردنەوەی خاشاکی شاری سلێمانییە لە تانجەڕۆ، راستە پڕۆژەکە لە ساڵی 2013 ئەنجامدرابوو، بەڵام کێشەی تەرخانکردنی بودجەی هەبوو، لە کابینەی نۆیەم و لە ساڵی 2022، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینار ساڵانە بۆ ئەو پڕۆژانە یەکێک لە پڕۆژەکان ئەوەی سلێمانی بوو".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان گڕیبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ پاککردنەوەی زبڵ و خاشاک سەرجەمیان کۆمپانیاکانی ناوخۆن.