وەزیری تەندروستی: یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەم پرۆسەی چاکسازی بووە لە بواری دەرمان

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەم پرۆسەی چاکسازی بووە لە بواری دەرمان، هەروەها نرخی نوێی دەرمان لەسەدا 15 بۆ لە سەدا 20 دابەزێنراوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە چەند مانگی یەکەمی تووشی ئەو کارەساتە مرۆییە بوو کە بەسەر جیهاندا هات، کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵێک رێکار و ئامادەکاری گرتەبەر، تا ئێستاش ئاسەواری کۆرۆنا لەسەر سیستەمی تەندروستی هەموو جیهان ماوە، ئەو کات سەرۆکی حکومەتی هەرێم رۆژانە پەیوەندی پێمانەوە دەکرد و لە تەندروستی هاووڵاتیانی دەپرسی و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان کردبوو، هەروەها لەسەردەمی کۆرۆنا کەمترین رێژەی مردنمان هەبووە.

وەزیری تەندروستی دەشڵێت: یەکێک لە کارەکانی حکومەت پرۆسەی چاکسازی بوو لە بواری دەرمان، بۆ یەکەم جارە لە هەموو عێراق رێگە بە دەرمانی هەرێمی کوردستان دراوە کە بەکار بهێنرێت، هەروەها مامەڵەی دەرهێنان و مۆڵەتی پشکنینەکانی دەرمانەکان ناکرێت، ئەمەش متمانە دەبەخشێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ چەند دەزگاییەکی نێودەوڵەتی هەیە، لەوانە دەزگای کۆنتڕۆڵکردنی جۆری بۆ خۆراک و دەرمان لە وڵاتی ئوردن، کە ئەو دەزگایە لە شەرقولئەوسەت بە سەرکەوتووترین دەزگای کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان دادەنرێت، هەروەها تیمەکانی ئێمە لەو دەزگایە راهێنان دەکەن، چەند هەفتەیەک لەمەوبەریش راهێنەرەکانیان لێرە مەشقیان داوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لەماوەی مانگەکەنی رابردوودا لەگەڵ کۆمپانیاکان دانیشتمان کردووە و پێمان گوتوون، ئەوە رێنمایی و بڕیاری نوێیە بۆ دەرمان لەهەرێمی کوردستان، ئێمە بەو ئومێدەوە کاردەکەین کە هەرێمی کوردستان بەتەواوی پاک بکریتەوە لە دەرمانی ساختە و نافەرمی، هەروەها هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یەکە بەیەکەی دەرمانخانەکان کۆدەبینەوە، کە لەشاری دهۆکەوە دەستپێدەکەین، دواتر لە هەولێر و لە سلێمانی هەموو شوێنەکان، کە پێیان دەڵێین دەبێت دەرمانخانەکان نموونەیی بێت و پاک بکریتەوە لە دەرمانی ساختە.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: بەشێوەیەکی گشتی نرخی نوێی دەرمان لەسەدا 15 بۆ لە سەدا 20 دابەزێنراوە، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین دەرمان بەو نرخە بکڕن کە لەسەر ستیکەرەکە نوسراوە. دەشڵێت: بەتیمێکی راوێژکاری گرێبەستی زیاتر لە 230 جۆر دەرمانمان ئامادەکردووە، کە تەنها واژۆی ماوە، هەروەها سەرۆکی حکومەت پارەی کاشی مانگانەی تەرخان کردووە بۆ کڕینی دەرمان، بودجەی پێشووی تەندروستی شەش ملیار دینا بوو، بەڵام ئێستا زیادکراوە بۆ حەفت ملیار دینار، هەروەها حکومەت پێنج ملیاری بەکاشی مانگانە تەرخان کردووە و دەیداتە بەڕێوەبەرایەتە تەندرووستیەکان.