شاندێكی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەشداری لە كۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی جینۆساید دەکات

K24 – هەولێر

شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە كۆنفرانسی یەكێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئەمڕۆ 10ی حوزەیرانی 2023، شاندێکی وەزارەتەکەیان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود و بە یاوەری بریكاری وەزارەت و ژمارەیەك لە راوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت، لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداری لە  16ـەمین كۆنفرانسی یەكێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید (I.A.G.S ) دەکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆنفرانسەکەدا دەیان توێژینەوەی زانستی نوێ لە بواری جینۆساید پێشكەش دەكرێن. رێکخراوی KG لۆبی سەنتەر، پانێڵێک لەبارەی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە چوارچێوەی چەند توێژینەوەیەکی یاسایی و بەڵگەیی پێشکەش دەکات، کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بە هەماهەنگی لەگەڵ  KG لۆبی سەنتەر بە مەبەستی پەسەندکردنی وەک بەشێک لە بڕیارنامەی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆسایدIAGS

ئامادەی کردووە.

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان راشیگەیاندووە، ئامانج لە بەشداریکردن لەو کۆنفرانسەکە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ئاستی جیهان و بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دراون. لەهەمانکاتدا دەرفەتێکی گرنگیشە بۆ سوود وەرگرتن لە زانایان و یاساناسانی جیهانی لە بواری کۆمەڵکوژی ( جینۆساید).