لاهور شێخ جەنگی: دانەبڕاوم لە پرۆسەی سیاسی و لە چاوەڕوانی دەرفەتێکدام

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

K24 – سلێمانی:

لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، دانەبڕاوە لە پرۆسەی سیاسی و لە چاوەڕوانی دەرفەتێکدا بوو بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی سیاسی و ئاشکراشیکرد، نیاز و پرۆژەی ئەو گەورەترە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.

لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی لەمیانی ئامادەبوونی لە یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و نەورۆز لە خولی تۆپی پێی عێراق بۆ پەیامنێری کوردستان24 قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، حەزیکردووە بە پرۆژەیەک بەشداربێت بۆ ئەوەی بەبێ رۆڵ دانەنیشێت لە بەرامبەر ئەوەی روودەدات لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

لە درێژەی قسەکانیدا، لاهور شێخ جەنگی جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکان زەرەرمەندبوون و پێشکەشکردنی پرۆژەکەشی لەو رووەوە بووە کە زەرەریان لە ناو ناوچانەداوە و کاتی ئەوەیە بۆ جارێکیش بێت دەست لە حزبایەتی هەڵبگرن.

هەروەها لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەولێر و سلێمانی چی دەکرێت با بکرێت، بەڵام لە کەرکووک و موسڵ و دیالە و سەڵاحەددین، کورد چاوی لە دەستی پارتی و یەکێتییە.

پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، لاهور شێخ جەنگی پڕۆژەیەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەکردووە و داوای لە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە پێکەوە بە لیستێکی هاوبەش بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەن لەو پارێزگایانەی کورد بەشێکە لە پێکهاتەکانی.

لەلایەن خۆیەوە، رۆژی یەکشەممە (25ـی حوزەیرانی 2023)، ژینۆ محەممەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە بە بڕیارێکی حزبەکەی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگییە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا بە یاوەری لاهور شێخ جەنگی سەردانی هەر یەکە لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵیان کردووە و پڕۆژەیەکیان پێشکەشکردوون، "ئەگەر لایەنەکان پڕۆژەکە قبووڵ بکەن، ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی گەلی کورددا دەبێت".

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەم مانگەدا  ده‌ست به‌ تۆماركردنی هاوپه‌یمانیەتی حزبەکان دەکرێت.