عادل باخەوان: هێزی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانی دامەزراند

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، رایدەگەیەنێت، کاتێک هەرێمی کوردستان دامەزرا هێزی دیبلۆماسی دایمەزراند نەک هێزی تفەنگ، هاوکات گوتیشی: سیاسیەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وایکردووە وڵاتانی جیهان لە هەولێر بن و بەجێی نەهێڵن.

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، سیاسیەتی سەرۆکوەزیران و پەیوەندییە فراوانە دیبلۆماسییەکانی وایکردووە وڵاتانی جیهان لە هەولێر بن و بە تەنیا بەجێی نەهێڵن.

هەروەها راشیگەیاند، کاتێک هەرێمی کوردستان دامەزرا هێزی دیبلۆماسی دایمەزراند نەک هێزی چەک و تفەنگ.

لەبارەی کۆنگرەی بەغدا، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، گووتی: "لە مانگی 11 کۆنگەرەکە ئەنجامدەدرێت، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککۆماری ئێران دەیانەوێت بەشداربن ئەگەر هەلومەرجەکەیان بەدڵ بوو، سەرۆکی زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان بەشدار دەبن، زۆر گرنگە کورد بتوانێت بەشداری تێدا بکات چونکە بەشداریکردن واتا مامەڵەکردن لەگەڵ 25 سەرکردەی وڵاتی گرنگ".

عادل باخەوان، ئاماژەی بەوەدا، "لەئێستادا چەقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی کەنداوە، چەند دیبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەنداو بەهێز بێت ئەوەنەدە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت".

گووتیشی: "رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست لە سعوودییە بینا دەکرێت، خاڵی لاوازی ئێمەش ئەوەیە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ سعوودییە نیە، کۆتا سەرکردەی کوردیش کە سەردانی سعوودییەی کرد، سەرۆک بارزانی بوو، دەبێت هەموو تواناکانمان بخەیەنەگەڕ بۆ ئەوەی نوێنەراتی هەرێمی کوردستان لە ریازی پایتەختی سعوودییە بکرێتەوە و بۆ ئەوەی لەوێدا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوببینەوە".