ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانه به‌رامبه‌ر باری نائاسایی له توركیا
K24 – هه‌ولێر
ئه‌ڵمانیا به ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر باری نائاسایی له توركیا داوا له ئه‌نقه‌ره ده‌كات باری نائاسایی سنووردار بكات و به زووترین ده‌م كۆتایی پێ بێنێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا فرانك والته‌ر شتاین مایه‌ر داوا له توركیا ده‌كات كاردانه‌وه‌یه‌كی گونجاو به‌رامبه‌ر كوده‌تای شكستخواردوو هه‌بێت و دان به‌خۆدا بگرێت و باری نائاسایی سنووردار بكات كه راگه‌یاندنی باری نائاسایی له توركیا كاریگه‌ریی قووڵی هه‌وڵی كوده‌تا به‌سه‌ر سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگای توركیا پیشان ده‌دات.
به‌ده‌نگه‌وه هاتنی ئه‌ڵمانیا پاش ئه‌وه‌ی دێت كه سه‌رۆك كۆماری توركیا هه‌فته‌یه‌ك پاش كوده‌تای 15 ته‌موز باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له سه‌رتاسه‌ری وڵات رایگه‌یاند.
نزیكه‌ی سێ ملیۆن هاوڵاتی توركیا له ئه‌ڵمانیا ده‌ژین كه په‌یوه‌ندییه‌كی فراوان له بواره‌كانی ئابووری، دارایی و هاوكاری ته‌كنیكی و به‌رگری له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا له ئارادایه و هه‌ر جۆره گۆرانكارییه‌ك له‌ناوخۆی توركیا كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی له ئه‌ڵمانیا هه‌یه.