كێشەی کارەبا لایەنەکانی سەر بە چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆدەکاتەوە

ستوونێکی کارەبا کە بە دەیان وایەر دەوردراوە
ستوونێکی کارەبا کە بە دەیان وایەر دەوردراوە

K24 - هەولێر

سەرکردەیەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایدەگەیەنێت، کۆتایی ئەم ھەفتەیە، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تاوتوێکردنی "قەیرانی کارەبا" کۆدەبنەوە.

تورکی عوتەیبی، سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "قەیرانی کارەبا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە تایبەتی ئێستا بەرھەمھێنانی کارەبای نیشتمانیی بەھۆی کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە کەمبووەتەوە."

وەکو ئەوەی ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی دەکات، "کۆتایی ئەم ھەفتەیە"، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆدەبنەوە و "دۆسیەی قەیرانی کارەبا" تاوتوێدەکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت رۆژی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکییەوە بکات کە دەستبەجێ شایستە داراییەکانی پەیوەندیدار بە ھاوردەکردنی گازی ئێران بەبێ دواکەوتن و کەمتەرخەمی بدرێتەوە."

هاوکات ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا راگەیاندبوو، ئێران ھەناردەکردنی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە و بەھۆیەوە پێنج ھەزار مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە 24 ھەزار میگاوات.

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە 30 ھەزار میگاوات کارەبا لە رۆژێکدا ھەیە.

عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی گازوەک سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی گاز بۆ عێراق کەم دەکاتەوە یان رادەگرێت.

لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.