ئەندەنوسیا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوت داگرت کە ئاڵای ئێرانی بەرزکردبووەوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەندەنوسیا رایگەیاند، بە گومانی گواستنەوەی نەوتی نایاسایی، تانکەرێکی ئاڵای ئێرانیان دەستبەسەر کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەندەنوسیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دەستیان بەسەر کەشتیی "ئارمان 114" داگرتووە، کە بڕی 272 هەزار و 569 تۆن نەوتی خاوی سوکی هەڵگرتبوو، دەشڵێت: گومان دەکرێت بەبێ مۆڵەت نەوتەکەی بۆ کەشتییەکی دیکە گواستبێتەوە.

تیوکو فایزسیا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەندەنوسیا گوتی: "وەزارەتی دەرەوە هەماهەنگی لەگەڵ پاسەوانی کەناراوەکان دەکات و زانیارییان دەستکەوتووە کە نەوتهەڵگرەکە گومانی سەرپێچی یاسایی لێدەکرێت".

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەندەنوسیا کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی دەستبەسەر بکات، هەروەک چۆن رایگەیاند، لە 25ی یەنایەری 2021، پاسەوانی کەناراوەکان کەشتی "ئێم تی هۆرس"یان دەستبەسەر کردووە، کە نەوتی بەبێ یاسایی دەگواستەوە.

رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی داوا لە کەشتییەکان دەکات ئامێری دیاریکردنی شوێن بەکاربهێنن بۆ سەلامەتی و شەفافیەت، بەڵام زۆرجار کەشتیەکان ئەو ئامێرانە دەکوژێننەوە بۆ شاردنەوەی شوێنی خۆیان لە ئەگەری کارە نایاساییەکان.

ئێران تۆمەتبار دەکرێت بە شاردنەوەی شوێنی مەبەستی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی بە لەکارخستنی سیستمی شوێنپێهەڵگرتن لە کەشتییەکانیدا، ئەمەش وادەکات خەمڵاندنی قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تاران بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمەریکا قورس بێت.