تەرمی یەکێک لە خنکاوەکانی زێی بچووک دۆزرایەوە

وێنەی ئەو کچەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە
وێنەی ئەو کچەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە

K24 - هەولێر

بەیانی ئەمڕۆ تەرمی کچێک کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ دوو ئەندامی خێزانەکەی لە زێی بچووکدا خناکبوو، دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تەممووزی 2023، پەیامنێری کوردستان24 لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی یەکێک لەو کچانەی یەکشەممەی رابردوو لەگەڵ خوشکێکی و باپیری لە زێی بچووکدا خنکا، دۆزرایەوە.

ئەو کچەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ناوی "شایستە"ـیە، تەمەنی 16 ساڵە و رەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کراوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی باپیری ئەو دوو کچە و کچەکەی دیکە کە تەمەنی 14 ساڵە، نەدۆزراوەتەوە و هەوڵەکانی گەڕان بە دوای تەرمەکاندا بەردەوامن.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو (9ـی تەممووزی 2023)، پیاوێک و دوو لە نەوەکانی کە دوو کچی 14 ساڵ و 16 ساڵ بوون و دانیشتووی ناحیەی سێگردکانی سەر بە قەزای کۆیە بوون، لە نێو زێی بچووکدا خنکان.

ناحیەی سێگردکان دەکەێتە رۆژئاوای تەقتەق و سەر بە قەزای کۆیەیە، دانیشتووانەکەی بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و ئەو ناوچەیەش بەهۆی ئەوەی هیچ شوێنێکی گەشتیاری لێ نییە، جگە لە هاووڵاتییانی ناوچەکە، کەمترین گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.