پزیشکێک: زۆرینەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون ناگەنە قۆناغی "خوێنبەربوون"

زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی بواری هەناو
زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی بواری هەناو

K24 - هەولێر

لە زانکۆی سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەک مامۆستای زانکۆکە کۆڕبەندێک لەبارەی مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون بەڕێوەچوو و پزیشکێکیش دەڵێت، زۆرینەی تووشبووان ناگەنە قۆناغی خوێنبەربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تەممووزی 2023، کاتژمێر10:00ـی بەیانی، ژمارەیەک مامۆستای کۆلیژەکانی ڤێرتەرنەری، پزیشکی و  زانستە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی لە باڵەخانەی زانکۆکە کۆڕبەندێکیان لەبارەی مەترسییەکانی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون" و رێگە چارەسەرییەکانی ئەو نەخۆشییەیان ئەنجامدا.

لەوبارەوە زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی بواری هەناو بە کوردستان24ـی راگەیاند، تای خوێنبەربوون راستە مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و پێویستە هاووڵاتییان رێوشوێنی خۆ پاراستن بگرنەبەر، بەڵام هێندەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدار نییە و شێوازی بڵاوبوونەوەکەشی لەگەڵ کۆرۆنا جیاوازە.

ئەو پزیشکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لەو کەسانەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵان دەکەن تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەبن، واتا نەخۆشییەکە لە ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە و ئەو کەسەش کە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵداران دەکات تووشی نەخۆشییەکە دەبێت، واتا وەکو کۆڕۆنا لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بڵاونابێتەوە.

 نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون وەکو ئەوەی ئەو پزیشکە باسی کرد، وەکو کۆڕۆنا و ئەنفەلوەنزا تا، لەرزین و سەرئێشەیە، بەڵام زۆرینەی تووشبووان ناگەنە ئەو قۆناغەی خوێنبەربوونەکە رووبدات، "بۆیە دەبێت وریا بین".

زانیار ئاغال لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت، "ئەو کەسەی لە ئاستی مەترسیدا بەبێ چاودێری مامەڵەی لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵدا کردووە و تووشی لەرز و تا نابێت، نەیبەستێتەوە بە هەندێک نەخۆشییەوە کە بوونیان نییە. بۆیە پێویستە لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە نێو وڵاتەکەدا دەستبەجێ بچنە لای پزیشک".

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 15 تووشبووی تای خوێنبەرووبوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

زیاتر لە 700 حاڵەتی گومان لێکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق تۆمارکراون و زیاتر 261 حاڵەتی پشتڕاستکراوەوە هەن، 61 کەسیش بەهۆی تای خوێنبەربوون مردوون.

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).