لە دوای 21ـی تەمووز هەر کەس چەکی بێ مۆڵەتی پێ بگیرێت چی بەسەر دێت؟

K24 - هەولێر:

د. هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای ئەو ماوەیەی بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دانراوە، هەر کەس چەکی بێ مۆڵەتی پێ بگیرێت، بەپێی ماددەی 15 لە یاسای چەک دادگایی دەکرێت.

سەرۆکی دیوای وەزارەتی ناوخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوای 21ـی تەمووز، کەیسەکان دەبنە کەیسی دادگا و لەدەست حکومەت نامێنن و دەچنە دەست ئەنجوومەنی دادوەری و دەبنە کەیسی یاسایی، ئەو کەسانەشی لەدوای ئەو ماوەیە چەکی بێ مۆڵەتیان پێدەگیرێت، راستەوخۆ بەگوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەک دادگایی دەکرێن.

بە پێی ماددەی 15 لە یاسای چەک کە ساڵی 2022 دەرچووە، سزای هەڵگرتنی چەک بە بێ مۆڵەت بەمجۆرە دەبێت؛ بەندکردن لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ سزای دارایی کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

د. هێمن میرانی روونیکردەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستپێکردنی کابینەی نۆیەمەوە قسەی لەسەر کردووە، بابەتی بە سەنتەرکردنی هاووڵاتییە لەنێو پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

پرسی سەلامەتی هاووڵاتییان لە سێکتەری جۆراوجۆرەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ناوخۆوە هەیە، کە بە گوتەی سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە بابەتی کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی چەکی بێ مۆڵەت، کابینەی نۆیەم بەجۆرێک هەنگاوی ناوە کە پێشتر لە مێژووی حوکمڕانی کوردیدا، بەوجۆرە و بەوچڕییە مامەڵە لەگەڵ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی چەکی بی مۆڵەت نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەم چەند ساڵەدا یاسا و رێنمایی چەک دەرچووە و دوا مۆڵەت دانراوە و بنکەی تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و هۆشیارییەکی جیاواز بۆ  گۆڕینی کولتووری مامەڵەکردن بە چەک لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئەمانەش هەمووی بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەکانی توندوتیژی و دەرفەتەکانی تاوان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان.

هەر لەسەر بنەمای پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، د. هێمن میرانی رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ هەوڵ بۆ سنووردارکردنی رووداوەکانی هاتووچۆ دەکات، کە بە گوتەی سەرۆکی دیوانی وەزارەتەکە، ئەویش بە دانانی کامێرای تیژڕەوی و پێداچوونەوە بە چۆنییەتی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و ترافیکلایتەکان و دووبارە هێڵکاریکردنەوە و بۆیاخکردنەوەی شەقامەکان.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە هەرێمی کوردستان 95 بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرین کراونەتەوە و تاوەکو 21ی ئەم مانگەش تۆمارکردنی چەک لەو بنکانە بەردەوام دەبن.

بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کراون: سلێمانی 22 بنکە، هەولێر 18 بنکە، دهۆک 14 بنکە، ئیدارەی سۆران 9 بنکە، ئیدارەی راپەڕین 8 بنکە، هەڵەبجە 6 بنکە، ئیدارەی گەرمیان 6 بنکە، ئیدارەی زاخۆ 5 بنکە، ئاکرێ 2 بنکە.

وەزارەی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە زووترین کات سەردانی بنکەکانی تۆماری چەک بکەن و چەکەکانیان بۆ بێەرامبەر تۆمار بکەن.