کەمال وەرتی: داهاتی باج بۆ خزمەتی خەڵک خەرج دەکرێتەوە

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری باج و خانوبەرەی میری
کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری باج و خانوبەرەی میری

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، رایگەیاند، فەراهەمکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە باجدا رەنگی داوەتەوە و رێکاری یاساییش لەبارەی زیاتر لە هەزار کۆمپانیا گیراوەتەبەر، هاوکات گووتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رژدە لەسەر رێکخستنەوەی سێکتەری باج و گەڕاندنەوەی داهاتەکە بۆ چینی مامناوەند و هەژار.

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، بە ئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بڕیاردرا کە داهاتەکانی ناوخۆ رێکبخرێنەوە و لە نێویشیاندا داهاتی باج، هەروەها ئامانج لە وەرگرتنی باج تەنیا داهات نییە بەڵکو یەکسانی کۆمەڵایەتییە.

هەروەها راشیگەیاند، پشکی شێر لە کابینەی نۆیەمدا بەر رێکخستنەوە و ریفۆڕم  لە سێکتەری باج بووە، ئەم پلانانە بەشێکیان ئەنجامیان دەرکەوتووە و بەشێکیشیان ئەنجامەکەی لە داهاتوودا بەدیار دەکەوێت.

بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەشڵێت: "لە چەند ساڵی ئایندەدا باشترین ئەنجام لە رێکخستنەوەی سیستمی باج دەبینرێت، هەروەها باج دان ئەرێکی نیشتیمانی و ئەخلاقی و ئاینییە، بەهۆی ئەوەی ئەو داهاتانەی لە رێگەی باج کۆدەکرێتەوە حکومەت جارێکە دیکە لە خزمەتی چین و توێژە هەژارەکان خەرجی دەکاتەوە".

کەمال وەرتی، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لە رێکخستنەوەی سێکتەری باج و گەڕاندنەوەی داهاتەکە بۆ چینی مامناوەند و هەژار لەو سۆنگەیەشەوە لە چەند مانگی ئایندەدا سەرۆکی حکومەت پلانی ستراتیژی رێکخستنەوەی باج رادەگەیەنێت.

لەبارەی خۆدزینەوە لە باج لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، بەڕێوەبەری گشتی باج لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، روونیکردەوە، زیاتر لە هەزاران کۆمپانیا لەسەر باج نەدان لێپێچینەوایان لەگەڵدا کراوە و بەشێکیشیان دراون بە دادگا، بەشیکیشیان سزای دارایی دراون، هەروەها رێژەی باج زیاد نەکراوە لەسەر خەڵک و کۆمپانیاکان بەڵکو رێکخراوەتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، تاوانی خۆدزینەوە لە باج لە هەموو جیهاندا یەکێکە لە تاوانە هەرە گەورەکان، پێبژاردنی ماددی و سزای بەندکردنیشی بەدوادا دێت.

باسی لەوەشکرد، بەشێکی ئەم خزمەتگوزاریانەی کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، داهاتەکەی لەڕێگەی سیستمی باجەوە دابین دەکرێت، هەروەها ئەو باجەی لە ناوچەکانی عێراق وەردەگیرێت زۆر زیاترە لەو باجەی کە لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، گووتیشی: "سیستمی رێکخستنەوەی باجی هەرێمی کوردستان لە هی عێراق باشترە".

کەمال وەرتی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرینەی وەزارەتکان لە لیستی مووچەدا، مووچەکەیان لە داهاتی باج و ناوخۆوە بۆ تەرخانکراوە.