میدیاکانی هۆڵەندا: ئەگەری زۆرە کوردێک ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا

K24 - هۆڵه‌ندا:

ئەمڕۆ میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردەوە، تاوەکو ئێستا پێنج کاندیدی سەرەکی لە حیزبەکەی مارک روتە خۆیان کاندیدکردووە و ئەگەری زۆرە دیلان یەشیلگۆز بەره‌چه‌ڵه‌ك خەڵکی باکووری کوردستانە، ببێتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا.

دیلان لەم کاتەدا پۆستی وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندا بەرێوەدەبات.

کاندیدی دووەمیش جینین هێنیس پلاسخارت کە ئێستا  نوێنەری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانه‌ لە عێراق، کاندیدێکی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا.

پلاسخارت ماوەی شەش ساڵ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە و پێشتر وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە.

کاندیدی سێیەم کلاس دیخۆفی تەمەن 42 ساڵ کە پێشتر لە کابینەکەی مارک روتە پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پەنابەرانی هەبووە.

کاندیدی چوارەم ئیدیت شیپەرز تەمەن 58 ساڵە و سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانە.

کاندیدی کۆتایی و پێنجەم سۆفی هێرمانس تەمەن 42 ساڵە، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بوو، لە کابینەکەی رابردوودا یاریدەدەری سیاسی مارک رووتە بوو.

دیلان یەشیلگۆز ئێستا وەزیری بەرگری و دادی هۆڵەندایە و رۆژی 18ی ئایاری 2022 له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی پێشوازیلێكرا.

دیلان یەشیلگۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و ساڵی 1977 لە شاری ئانکەرە لە دایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە. دیلان منداڵ دەبێت ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچبەری هۆڵەندا بوون.

دیلان لە زانکۆی ئەمستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا. لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە، ئێستاش وەزیری دادی هۆڵەندایە.