حاکم قادر: لە دڕدۆنگی و لێدوانی توند هیچ کەسێک قازانج ناکات

حاکم قادر حەمەجان
حاکم قادر حەمەجان

K24 - هەولێر

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: كۆبونەوەكانی پارتی و یەكێتی هەر چۆنێک بێت پێویستە بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت لێکترازانی زیاتر رووبدات، لە دڕدۆنگی و لێدوانی توند هیچ کەسێک قازانج ناکات.

حاکم قادر حەمەجان، لە میانی بەشداریكردن لە سیمینارێکدا لە سلێمانی گوتی: "کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی ئەگەر ئەنجامیشی نەبێت، هێشتا پێویستە سارد نەبینەوە لە ئەنجامدانی و بەردەوامی کۆبوونەوەکان گرنگن، چونكە دڕدۆنگی و لێدوانی توند هیچ کەس و لایەنێک و گەلەکەشمان قازانجی لێناکات، تەنها لە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلی کوردستانە".

حاکم قادر باسی لە دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی کرد و ڕایگەیاند، "پێویستە کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە گشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەت، هەر چۆنێک بێت بەردەوام بێت و ڕێگە نەدرێت لێکترازانی زیاتر ڕووبدات."

راشیگەیاند: "ئەم قۆناغە پێویستی بە یەكگرتووی و یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان ھەیە و گرنگە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی كورستاندا بە یەكڕیزی و تەبایی بڕیار لەسەر ھەموو پرسە گرنگەكان بدەین، ھەرچەندە ناكۆكی و ململانێ ھەبێت پێویستە لە كەركووك كە شارێكی كوردستانییە لەگەڵ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بە یەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكەین".

حاکم قادر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە كاتێكدا دوژمنانمان دژی یەكگرتنەوەو رێكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەن، ئەركی ھەمووانە لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیدا ھەوڵی رێكخستنەوەو یەكگرتنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە بدەن و لێنەگەڕێن ھەوڵی دوژمنانمان سەركەوتوو بێت و چیتر ھەل لە دەست نەدرێت، چونكە پەشیمانی دادمان نادات".

گوتیشی: "لێدوانی توند خزمەت بە هیچ لایەک ناکات و مێژوو پێمان دەڵێت لە شەڕ و گرژی هیچ لایەکمان سودمەند نەبووین، گەلی کوردستان و ھەرێمەكان پێویستی بە دۆخێکی ئارام و سەقامگیرە، کە ئەمەش تەنها بە لێکنزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنەكان بەتایبەت ئێمە و پارتی دێتە دی، بە پێچەوانەوە ئەو دۆخەی هەیە تەنها لە بەرژەوەندی دوژمنانی گەلەکەمانە و کۆبوونەوەکان ئەگەر ئەنجامیشیان نەبێت، هەر بەڕێوەچوونیان باشترە لە ئەنجام نەدانیان بۆ دروستكردنی كەشێكی تەندروست بۆ لێكتێگەیشتن".