ستۆڵتنبێرگ: رازیبوونی ئەردۆغان بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ رۆژێکی مێژووییە

K24 - هەولێر

لە سەروبەندی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا، کە رۆژی سێشەممە، لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا دەستیپێکرد، هەروەها  بڕیارە کتوپڕەکەی تورکیا بۆ قبوڵکردنی داواکاری سوید بۆبوونە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ، پرسیاری زۆری لەسەر هۆکاری پێچەوانەبوونەوەی 180 پلەی تورکیا وروژاند.

یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ، رەزامەندی رەجەب تەیب ئەردۆغانی، سەرۆک کۆماری تورکیای بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، بەرۆژێکی مێژوویی ناوبرد، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی کە ئولف کریستسۆن سەرۆکوەزیرانی سویدیش تێدا بەشداربووە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی بەکارهێنانی "ڤیتۆ" لەلایەن تورکیا لەسەر ئەندامبوونی وڵاتی سوید بە ناتۆ، لە پێش هەموویانەوە شەڕی دژی تیرۆربووە، هەروەها دۆسیەی دەستخستنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16ی ئەمەریکی بۆ تورکیا، کە واشنتن بابەتەکەی بە پەسەندکردنی ڕێککەوتنی تورکیاوە بەستبووەوە.

ئۆلف کریستسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید لە وتارێکدا پێش دەستپێکردنی لوتکەی ڤیلنیۆس، رۆژی سێشەممە گوتی: بەباشی دەزانرێت کە ئێمە پشتیوانی لە پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەکەین، ئێمە پشتگیری لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و مۆدێرنکردنی رێککەوتنی یەکێتی گومرگی و باشترکردنی رێساکان دەکەین بۆ وەرگرتنی ڤیزەی هاووڵاتیانی تورکیا بۆ چوونە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا (شنگن) و ئەمەش زەمینەیەکی باش بۆ هاوکاریکردن دەڕەخسێنێت، نەک رێگریکردن لە داواکارییەکەی سوید.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی جۆو بایدن رایگەیاندووە، ئامادەیە لەگەڵ ئەردۆغان کاربکات بۆ بەهێزکردنی بەرگری و رێگریکردن لە ناوچەی ئەتڵەسی، هەروەها بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی بە ئەندام بوونی سوید دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سی و دووهەمین وڵاتی هاوپەیمانییەکە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021 تورکیا داوای کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی کرد، لەگەڵ 80 کەرەستە بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێستای، بە بەهای 20 ملیار دۆلار لە کۆمپانیای لۆکهید مارتن.

لە بەرامبەردا سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، بۆب مێنێندێز، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئیدارەی بایدن، ئەگەر بتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی تورکیا دەستدرێژییەکانی بۆ سەر دراوسێکانی دەوەستێنێت، ئەوە زۆر باشە، هەروەها پێویستی بە رێگەیەک هەیە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی یۆنان و بەدەستهێنانی دڵنیایی.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ و فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا دوو بابەتی جیاوازن، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سوید ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە گرتووەتەبەر.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەمەریکا پشتیوانی لە بیرۆکەی پەیوەندیکردنی تورکیا بە یەکێتی ئەوروپا دەکات، جەختیشی لە پاڵپشتی جۆو بایدن سەرکی ئەمەریکا کردەوە بۆ پلانی گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بۆ ئەنقەرە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، چارڵز میشێل، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەردۆغان لە ڤیلنیۆس رایگەیاند: جارێکی دیکە دەرفەت هەیە بۆ بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا داوای لە کۆمسیۆن و نوێنەری باڵای یەکێتیەکە بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل کرد، راپۆرتێکی ستراتیژی هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ئامادەبکەن".

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دووپاتی کردەوە کە ئەندامێتی سوید بە ناتۆ هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی ئەندامێتی تورکیا بە یەکێتی ئەوروپاوە نییە.