نەتەوەیەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ سووتاندنی قورئانی پیرۆزی ئیدانەکرد

لۆگۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
لۆگۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 - هەولێر:

ڤاچلاڤ بەیلەک سەرۆکی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ بە 28 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی نەخێر و حەوت دەنگی بێلایەن، سووتاندنی قورئانی پیرۆزی ئیدانەکرد.

خەلیل هاشمی نوێنەری هەمیشەیی پاکستان لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، رق و کینەی ئایینی بووەتە ئاڵنگارییەکی سیستماتیکی، ئەو رەشنووسی پڕۆژە یاسایەش بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤە لە رق و کینەی ئاینی.

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند.

ئه‌و ره‌فتاره‌  لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە".

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقییە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی توندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق توندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.