دەزگای خێرخوازی بارزانی ژمارەیەک پۆل لە قوتابخانەکانی گەرمیان دروستدەکات

K24 – هەولێر:

دەزگای خێرخوازی بارزانی لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان 36 پۆلی نوێ لە هەشت قوتابخانەی گەرمیان دروستدەکات.

سەباح عەلی، بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازی بارزانی – ئۆفیسی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەمەبەستی نەهێشتنی سێ دەوامی لە قوتابخانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی 36 پۆلی نوێ لە هەشت قوتابخانەی گەرمیان دروستدەکات و بە تەواوبوونی پڕۆژەکەش ئەو قوتابخانانەی کە سێ دەوامیان تێدا دەکرێت، دەبێتە دوو دەوامی، ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 589 ملیۆن و 896 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت.

ئەو پۆلانەی لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە بنیات دەنرێن، 8688 قوتابی، مامۆستا و فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن، لە دروستكردنیاندا بە گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە باشترین کەرەستەکانی بیناسازی تیدا بەکار دەهێنرێت، بڕیاریش وایە کارەکانی بەخێرایی تەواببێت و لەوەرزی نۆیی خۆێندندا قوتابیان تێیدا وانە بخۆینن.

ساڵی رابردوو دەزگای خێرخوازی بارزانی بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار دەیان قوتابخانەی لە کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەریم نۆژەن کردووەتەوە، بۆ ئەم ساڵیش لە هەڵمەتێکی نوێدا بۆ نەهێشتنی سێ دەوامی 127 پۆلی لە تەواوی قوتابخانەکان کە پێویستیان پێیەتی لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات کە تێچووەکەی زیاتر لە دوو ملیار دینار دەبێت.