سکرتێری گشتیی ناتۆ: پێویستە گەرەنتی ئاسایش بدرێتە ئۆکرانیا

''ئەگەر پوتین سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوە دەبێتە تراجیدیا بۆ ئۆکرانیا، بەڵام بۆ ئێمەش مەترسییە. ئەمە ئێمە زیاتر لاواز دەکات''
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ

K24 - هەولێر

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی تەواوبوونی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا، پێویستە گەرەنتی پێویستی ئاسایش بدرێتە ئۆکرینا.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەیان لە چوارچێوەی لووتکەی ناتۆدا لە ڤیلنیوس، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.

یانس ستۆڵتنبێرگ بە زێلێنسکی راگەیاند: ''هەتا پێویست بکات ناتۆ لەگەڵتان دەبێت''، باسی لەوەیش کرد، ناتۆ تا ئەمڕۆ، بەبڕی ملیارەها دۆلار هاوکاریی پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە بۆ بەرگرییکردن لە خۆی دژبە رووسیا و بەردەوامیش دەبێت.

سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوە کرد کە لە لووتکەکەی ڤیلنیوسدا، رێککەوتن کراوە لەسەر پاکێچێکی پشتیوانی نوێی سەربازیی فرەساڵیی و لە سایەی ئەوەشەوە کەلوپەلە سەربازییەکانی سەردەمی سۆڤییەت دەگۆڕن بۆ ستاندارتەکانی ناتۆ، باسی لەوەیش کرد "ئەنجوومەنی ناتۆ-ئۆکراینا" دامەزرێنراوە کە تیایدا هەردوولا وەک دوو هاوبەشی یەکسان بڕیار دەدەن.

یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەشی خستەڕوو، سەرکردەکان پەیامێکی بەهێزیان داوە لەبارەی ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ و دڵنییاییدا لەبارەی ئەوەی ئۆکراینا دەبێتە ئەندامی پەیمانەکە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد،  هەر کاتێک مەرجەکان بەدیهاتن و هاوپەیمانان رێککەوتن، ئەوا بانگهێشت ئاراستەی ئۆکرانیا دەکرێت و گوتی: ''کاتێک ئەم جەنگە تەواو بوو، پێویستە چاکسازیی بەرچاو بکەین بۆ ئاسایشی ئۆکراینا بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبێتەوە. لەبەرئەمە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بەڵێنی زۆرێک لە هاوپەیمانان دەکەین بۆ هاوکاریکردنی درێژخایەن. ئەمە لە دوای تەواوبوونی جەنگی رووسیا چاوترساندن دەبێت بۆ هێرش و پەلاماری نوێ''.

ستۆڵتنبێرگ سەبارەت بە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ناتۆ- ئۆکرانیا" رایگەیاند: ''ئەمڕۆ وەک هاوتا کۆدەبینەوە. بە تاسەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوەین وەک هاوپەیمان''.

سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوە کرد، شکستهێنانی ئۆکرانیا لە جەنگی دژبە رووسیا تەنیا بۆ کیێڤ مەترسیی نییە، بەڵکو بۆ رۆژئاواش جێگەی مەترسییە و گوتی: ''ئەگەر پوتین سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوە دەبێتە تراجیدیا بۆ ئۆکراینا، بەڵام بۆ ئێمەش مەترسییە. ئەمە ئێمە زیاتر لاواز دەکات''.

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکرانیا ئازادە لە هەڵبژاردنی رێگای خۆی و رووسیا لەو بارەیەوە مافی بڕیاردانی نییە و تەنها ئەندامانی ناتۆ بڕیار دەدەن لەبارەی ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆ.

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کەی فڕۆکەی F-16 دەدرێت بە ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ 10 وڵاتی ناتۆ هاوپەیمانێکیان پێکهێناوە بۆ مەشق و راهێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی لەسەر ئەو فڕۆکەیە و لە کورترین ماوەدا دەست بەکار دەبێت و گوتی: ''دوای دەستپێکی مەشقەکە دەرفەتی ئەوامن دەبێت بڕیار بدەین لەسەر دەستەبەرکردنی فڕۆکەکانی F-16''.