پڕۆژەی "گەشتوکاڵ" لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دهكرێت
K24 – هەولێر
دەستەی وەبەرھێنان ھەوڵدەدات پڕۆژەی گوندی گەشتیاری لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشتوکاڵدا جێبەجێ بکات کە پڕۆژەکە لە لایەن رێکخراوی (جی ئای زێد) و رێکخراوە ھۆڵەندییەکانەوە پشتگیری دارایی دەکرێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامانجی پەرەدانە بە کەرتی گەشتیاری بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و راکێشانی گەشتیاری .
ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە زۆر جیاواز دەبێت، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە بە کەلوپەلی ناوخۆیی تەواو خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەمیش لە ھەورامان و تەوێڵەوە دەست پێدەکرێت و ھەموو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ئارام نەجمەدین سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشتوکاڵ بە کوردستان24ی گوت: "هەرێمی کوردستان هێندەی وڵاتێکی کشتوکاڵییە هێندە پیشەسازی نییە، بۆیە پڕۆژەکە زۆر گونجاوە".
رۆژانە بە ھەزاران گەشتیار سەردانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە پڕۆژەی دروستکردن و بوژانەوەی ناوچە گەشتیارییەکان بۆ راکێشانی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردن.