وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: بایدن پشتیوانی لە ناردنی فڕۆکەی F-16 بۆ تورکیا دەکات

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانی لە ناردنی فڕۆکەی F-16 دەکات بۆ تورکیا.

ئیلیزابێت ستیکنی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە خواستی تورکیا بۆ چوونە نێو یەکێتی ئەوروپا، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، پشتیوانی لە تورکیا دەکەن بۆ پەیوەندیکردنی بە یەکێتی ئەوروپاوە.

بە گوتەی ئیلیزابێت ستیکنی، ئیدارەی جۆو بایدن پێشوازی لە بڕیارەکەی تورکیا دەکات سەبارەت بە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، گوتیشی: چاومان لەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا سوید ببێتە ئەندامێکی هەمیشەیی لە ناتۆ.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ناکۆکییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی بەرگریکردنە نەک هێرشبردن، رووسیا شەڕی هەڵگیرسان و هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا، ئێستاش ئیدارەی جۆو بایدن سەرنجی لەسەر هاوکاریکردنی ئۆکرانیایە هەتا ئەوکاتەی کە پێویست بێت، گوتیشی: دەمانەوێت ئۆکرانیا لە بەهێزترین پێگەدا بێت کاتێک گفتوگۆ دەستپێدەکات.