هەڵگورد شێخ نەجیب: لە ساڵێکدا 128 پڕۆژە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکراون

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایدەگەیەنێت، ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجیکراون و توانراوە زۆرینەی پڕۆژە وەستاوەکانی پار ساڵیش تەواو بکرێن، هەروەها دەشڵێت: زۆرترین هەلی کار دەڕەخسێنین بۆ هاووڵاتییان. هەڵگورد شێخ نەجیب، گووتیشی: لە ساڵێکدا 128 پڕۆژە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکراون.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، توانیویانە ئەوە بسەلمێنن هەبوونی ئیدارەی سەرەبەخۆ تەنیا ناوێک نییە، بەڵکو توانیویانە لە رووی جێبەجێکردنی خزمەتگووزاری و کەمکردنەوەی رۆتین باشی بڕیاری بوونی  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بسەلمێنن.

هەروەها راشیگەیاند، لە ساڵی 2022 لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان توانییانە زیاتر لە 128 پڕۆژە لە هەموو سێکتەرەکان جێبەجێ بکەن، هاوکات لە رووی رێگاوبان توانیویانە پرۆژەیەکی زۆر بخەنە بواری جێبەجێکردن، ئەوەی گرنگە کردبێتیان لە ساڵی رابردوو، گرنگیدان بوو بە گوندەکان، بوودجەی %30ـی پەرەپێدانیان تەرخان کرد بۆ گوندەکان، چونکە لە کابینەی نۆ سەرۆکوەزیران رایگەیاند، دەبێت گوندەکان بە ئاوەدانی بمێننەوە.

ئاماژەی بەوەدا،  توانیویانە زۆرینەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی پار ساڵ تەواو بکەن، هەروەها هەبوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راستەوخۆ گرنگەیەکەی لەوەدابوو "ئێمە راستەخۆ ئەو پرۆژانەمان لەناو ئیدارەدا خستە بواری جێبەجێکردن".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێت: "شەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لە سۆران کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و راییکردنی کارەکانی هاووڵاتییان، هەروەها بەهۆی پڕۆژەکان رووداوەکانی هاتووچۆ %80 کەمبووەتەوە".

لەبارەی کەرتی گەشتیارییەوە، هەڵگورد شێخ نەجیب، گووتی: "دەمانەوێت کەرتی گەشتیری سۆران لە بابەتێکی لۆکاڵی دەربهێنین و بیکەینە بابەتێکی نێوەدەوڵەتی، خودی سەرۆک وەزیرانیش گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری داوە، ئێمەی راسپاردووە لەگەل تیمێک لەسەر هێڵین ماستەرپلانێکی گەورەی زۆر باشی گەشتیاریمان دروستکردەوە، لە چەند هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و دەیخەینە بەردەستی وەبەرهێنەران".

گووتیشی: "کار بۆ زایدکردنی جموجۆڵی بازرگانی دەکەین لە رێگەی  هەبوونی دەروازە سنووریەکان، هەروەها لەم ناوچەیە توانیومانا چەندین هەلی کار بڕەخسێنین بەهۆی ئەوەی سۆران ناوچەیەکی بازرگانییە".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختی لەوەشکردەوە، لە رووی هەلی کارەوە چەندان دەرفەتی هەلی کار دەڕەخسینین، "وادەکەین گەنجان لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بۆ دەستکەوتنی دەرفەتی کار روو لە سۆران بکەن".

هەڵگورد شێخ نەجیب، ئەوەشی خستەڕوو،  ساڵی 2024 دەبێتە ساڵی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، لەبارەی رێگای دوو ساید حاجی ئۆمەران، دەڵێت: "کاری جددی لەسەر دەکەین و بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەم زووانە تەواوبێت".

باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ سێ پرۆژەی ستراتیژی گرنگ تەواو دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەرەباڵغی لەسەر سەنتەری سۆران، هەروەها ئۆڤەرپاسێک لە دەروازەی سۆران بۆ بارهەڵگرەکان دروست دەکرێت بۆ کەمبوونەوەی قەرەباڵغی.

سەبارەت بە کێشەی کەمئاوی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گووتی: "بەڵێن دەدەم کێشەی کەمئاوی چارەسەر بکەم، ئەویش بە دروستکردنی پۆند و چەند بەنداوێکی بچووک کار لەسەر ئەوە دەکەین کێشەی کەمئاوی چارەسەر بکەین و کێشەی لافاویش نەمێنێت".