فیفا خه‌ڵاتی ئه‌و یانانه‌ی كرد كه‌ زۆرترین یاریزانیان به‌شدارییان له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ر كردووه‌

جیان ئینفانتینۆ سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان
جیان ئینفانتینۆ سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان

فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان فیفا پاداشتی یانەکانی جیهانی بەبۆنەی بەشداری کردنی یاریزانەکانیان له‌ مۆندیالی 2022ـی قەتەر بڵاوکردەوە، یانەی مانچێستەر سیتی کە خاوەنی زۆرترین یاریزان بوو لە مۆندیالی رابردوو، زۆرترین داهاتی بەدەستهێناوە کە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار بوو.

هەموو جارێک لە کاتی بەڕێوەچوونی مۆندیال، فیفا پاداشتێک پێشکەشی ئەو یانانە دەکات کە یاریزانەکانیان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان بەشداریی مۆندیال دەکەن و بۆ هەر یاریزانێکیش 10 هەزار و 950 دۆلار پێشکەش دەکات، بێ ئەوەی رەچاوی خولەکی یاریکردن بکرێت.

مانچێستەر سیتی ئینگلیزی زۆرترین پاداشتی لە بەشداری کردنی یاریزانەکانی وەرگرتووە، به‌وپێیه‌ی 21 یاریزانی ئەو یانەیە بەشداری مۆندیالیان کرد و پاداشتەکەشیان 4 ملیۆن و 13 هەزار دۆلار بووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی زۆرترین یاریزانی ئەو یانەیە لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان کردووە.

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە پلەی دووەم دێت و لە دوای مانچێستەر سیتی زۆرترین یاریزانی بەشداری مۆندیالی کردووە کە ژمارەیان 17 یاریزان بووە، بۆیە فیفا 4 ملیۆن 80 هەزار دۆلاری وەکو پاداشت پێشکەشی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا کردووە.

بایرن میونشنی ئەڵمانیاش سێیەم زۆرترین پاداشتی بە بۆنەی بەشداری کردنی یاریزانەکانی لە مۆندیالی رابردوو وەرگرتووە و پاداشتی ئەو یانەیەش 3 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار بووە. باڤارییەکان 15 یاریزانیان بەشداری مۆندیالیان کرد.

لە پلەی چوارەمی ریزبەندیەکە یانەی ریال مەدرید دێت، شاهانەکان 14 یاریزانیان نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر کرد و بەم هۆیەوە فێدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان فیفا 3 ملیۆن و 440 هەزار دۆلاری وەکو پاداشت پێشکەشی ئەو یانەیە کرد.