گوهدار شێخۆ: له كابینه‌ی نۆیه‌مدا زیاتر له 200 پڕۆژه‌ی جیاجیا له زاخۆ جێبه‌جێ كراون
K24 – هەولێر:
ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له 20ـی ئه‌یلوولی 2021 دامه‌زراوه، له ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نیدا چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن له‌لایه‌ن ئه‌و ئیداره‌یه‌وه بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و ناوچه‌كه به پشتیوانی راسته‌وخۆی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی جێبه‌جێ كراوه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی زیاتر له 170 پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر و له بواره جیاجیاكان و به بڕی دوو سه‌د ملیار دۆلار جێبه‌جێ كراون و ئه‌و پڕۆژانه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه هه‌بووه و له به‌رامبه‌ریشدا هاووڵاتیان به ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه دڵخۆشن و ستایشی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ سه‌باره‌ت به گرنگی بڕیاری به‌ئیداره‌كردنی زاخۆ رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره بڕیاریكی مێژوویی بوو و پێشتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی به‌ڵێن به خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه درابوو و دواتر له‌لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌م و له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ڵێنه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی جێبه‌جێ كرا و له‌و كاته‌وه زاخۆ پێشكه‌وتنێكی زۆری به خۆیه‌وه بینیوه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، له ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگیان بۆ خزمه‌تكردنی زاخۆ و دانیشتووانه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه، به‌تایبه‌تی كه خودی سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كردووه‌ته‌وه، ده‌بێت پڕۆژه‌كان په‌یوه‌ندییان به ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت.
روونیشیكرده‌وه له ماوه‌ی هه‌ر چوار ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌مدا زیاتر له 200 پڕۆژه‌ی جیاجیا له زاخۆ جێبه‌جێ كراوه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی زاخۆ كرایه ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ زیاتر له 170 پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر و له هه‌موو سێكته‌ره جیاوازه‌كان كه په‌یوه‌ندیان به ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه هه‌بووه جێبه‌جێ كراوه. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه له سه‌ره‌تادا پلانێكیان دانا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه بكه‌ن كه په‌یوه‌ندییان به ژیانی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه و پێویست بوون، له‌وانه‌ش كه‌رتی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده و ڕێگه‌وبان و دواتر كه‌رت و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دروستكردنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ كارێكی ئاسان نه‌بوو، به‌تایبه‌تی له بواری كارگێڕییه‌وه كه ده‌بوو له رووی دامه‌زراوه‌ییه‌وه هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كان بكرێنه‌وه و ستافی پێویستیان بۆ دابین بكرێت و باڵه‌خانه و پێداویستییه‌كانی دیكه‌یان بۆ ئاماده بكرێت.
له‌باره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕی زیاتر پێنج ملیار دۆلار ته‌رخان كراوه، به‌تایبه‌تی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه و دروستكردنی شوێنی پێویست، له‌وانه‌ش نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دیكه‌ش بۆ منداڵان و به‌مزووانه‌ش نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دیكه له شارۆچكه‌ی باتیفیا ده‌ست به دروستكردنی ده‌كرێت و له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه بڕی زیاتر له پینج ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ تایبه‌ت به بواری په‌روه‌رده روونیكرده‌وه، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هه‌موو پشتوانییه‌كی بۆ ئه‌و بواره پێشكه‌ش كردووه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا 35 قوتابخانه له سنووری زاخۆ نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه و زیاتر له 10 قوتابخانه‌ی دیكه‌ش دروست ده‌كرێن، كه ساڵی داهاتوو چوار له‌و قوتابخانانه ته‌واو ده‌بن.
باسی له‌وه‌ش كرد، كاتێك ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ راگه‌یه‌ندرا، نزیكه‌ی 65%ـی شه‌قامه‌كانی قیڕتاو نه‌كرابوو، به‌ڵام سه‌رۆكوه‌زیران پشتوانییه‌كی زۆری بۆ ئه‌و بواره‌ش پێشكه‌ش كرد، به‌شێوه‌یه‌ك تا ئێستا 160كم شه‌قامه‌كانی ناو زاخۆ قیڕتاو كراون، به‌و ئه‌نجامه‌ش زیاتر له 85%ـی شه‌قامه‌كانی قیڕتاوكراون و به‌شێكی كه‌م ماوه ته‌واو بكرێت.
سه‌باره‌ت به شه‌قامی 60مه‌تری كه 43كم به چوارده‌وری زاخۆدا ده‌سووڕێته‌وه، گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ رایگه‌یاند، یه‌كێكه له‌و پڕۆژانه‌ی كه جێبه‌جێ ده‌كرێت و سه‌رۆكوه‌زیران له قۆناغی یه‌كه‌مدا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دروستكردنی 11كم ده‌ربڕیوه، گوتیشی، له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا دیزان ده‌كرێت و ده‌ست ده‌كرێت به‌جێبه‌جیكردنی ئه‌و قۆناغه و دواتر قۆناغه‌كانی دیكه ته‌واو ده‌كرێن. روونیشیكرده‌وه، سه‌رۆكوه‌زیران ره‌زامه‌ندی نیشان داوه بۆ ده‌ستنیشانكردن و دیزانكردنی به‌نداوی زاخۆ، كه دیزاینه‌كه‌ی ته‌واو بووه و گوژمه‌كه‌ی 100 ملیۆن دۆلاره و له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ردی بناغه‌ی بۆ داده‌نرێت.
گوهدار شێخۆ سه‌باره‌ت به بواری گه‌شتیاری له زاخۆ رایگه‌یاند، پلانێكی ستراتیژییان بۆ پێشخستنی بواری گه‌شتیاری داناوه و ده‌ست به به‌شێك له پڕۆژه ستراتیژییه‌كان كراوه، له‌وانه‌ش پڕۆژه‌ی كۆڕنیشی زاخۆ و به رێژه‌ی 95% ته‌واو بووه و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌كرێته‌وه و پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژییه و ئاستێكی جیهانی هه‌یه. گوتیشی، له هه‌ردوو لایدا 2كم دروست كراوه و له قۆناغی دووه‌میش 5كم دروست ده‌كرێت و ئاو به ناو زاخۆدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌رۆكوه‌زیران ره‌زامه‌ندی داوه و ده‌بێت هه‌مووی دروست بكرێت.
له‌باره‌ی بازرگانییه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زاخۆ ناوچه‌یه‌كی سنوورییه له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ رایگه‌یاند، توانراوه چه‌ندین ناوچه‌ی بازرگانی له‌و سنووره دروست بكرێت و چه‌ندین هه‌لی كار بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه و خه‌ڵكی دیكه‌ش بڕه‌خسیندرێت، بۆیه ئه‌مه وایكردووه رێژه‌ی بێكاری له‌و سنووره زۆر كه‌م بێت، به‌شێوه‌یه‌ك له ماوه‌ی ساڵ و نیوێك توانراوه زیاتر له پێنج هه‌زار هه‌لی كار له‌و سنووره بڕه‌خسێندرێت.
گوهدار شێخۆ سه‌باره‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای توركیا و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سنووره‌كه، رایگه‌یاند كه زیانێكی زۆری به ناوچه‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌یاندووه، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نیا له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا 36 گوندی سنووره‌كه له خه‌ڵكه‌كه‌ی چۆڵ كراوه، جه‌ختیشیكرده‌وه، كه بوونی په‌كه‌كه و شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای توركیا زیانێكی زۆری به كه‌رتی گه‌شتیاری و بازرگانی ناوچه‌كه گه‌یاندووه.
هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ رایگه‌یاند، له ساڵی 2011ـوه زیاتر له پێنج هه‌زار هاووڵاتی سنووری زاخۆ بڕیاریان بۆ ده‌رچووه زه‌وی وه‌ربگرن، به‌ڵام تا ئێستا زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه له كابینه‌ی نۆیه‌مدا زه‌وی دابه‌شكردن راگیراوه، گوتیشی، كێشه‌كه زیاتر په‌یوه‌ندی به دابینكردنی شوێنه‌وه هه‌یه، روونیشیكرده‌وه دوای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ دروست بوو، جارێكی دیكه ئه‌و بابه‌ته زیندوو كراوه‌ته‌وه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.