عێراق.. مەترسیدارترین باندی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە موسەننا دەستگیرکرا

K24 - هەولیر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان سەربە ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی مەترسیدارترین باندی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی لە پارێزگای موسەننا باشووری وڵاتەکە راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان سەربە ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووه‌: بەچاودێری راستەوخۆی عەبدولئەمیر ئه‌لشه‌ممەری وەزیری ناوخۆی عێراق، لەمیانی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانەوە بەڕێوەدەچێت، تێمێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرخ و به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر، مەترسیدارترین باندی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای موسەننا دەستگیرکرد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، باندەکە لە سێ تۆمەتبار پێکهاتووە و لە کاتی دەستگیرکردنیشاندا دەستگیرکراوە بەسەر دوو ملیۆن حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆن کە بڕەکەی نزیکەی 220 کیلۆ گرام بووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوه‌، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 27 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکان دەستگیرکراون و رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریاندا دەگیرێتەبەر تاوەکو بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.