جه‌مال حه‌سه‌ن: هاووڵاتییان له كاتی مه‌له‌كردندا ده‌بێت پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن
K24 – زاخۆ:
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كه زۆربه‌یان مێرمنداڵ بوونه، بۆ مه‌له‌وانی چوونه‌ته سه‌ر ئاوی خابوور له زاخۆ و رووباری خازر و زێی گه‌وره خنكاون، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارشتانی زاخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، هاووڵاتییان پابه‌ندی رێنماییه‌كان نین.
جه‌مال حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارشتانی زاخۆ سه‌باره‌ت به رووداوی خنكانی چوار مێرمنداڵ كه خه‌ڵكی زاخۆن له ئاوی رووباری خابوور له سنووری زاخۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هۆكاری روونه‌دانی خنكان زیاتر په‌یوه‌ندی به هۆشیاری گشتی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه كه چه‌ند پابه‌ندی رێنماییه‌كانن له كاتی چوونیان بۆ ناوچه گه‌شتیارییه‌كان و نزیكبوونه‌وه‌یان له ئاوه‌كان.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارشتانی زاخۆ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشاوه، وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان به‌رده‌وام هۆشیاری له‌ناو هاووڵاتییان بڵاوده‌كه‌نه‌وه و له رێگه‌ی راگه‌یاندن و ده‌زگاكانی راگه‌یاندووه مه‌ترسییه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌یان له ئاو بۆ هاووڵاتیان روون كردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كه له وه‌رزی هاویندا هه‌موو جۆره كه‌سێك له‌و ئاو نزیك ده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه مه‌له نازانن و یاخود منداڵ و مێرمنداڵن.
جه‌مال حه‌سه‌ن روونیكرده‌وه، 50كم ئاوی رووباری زاخۆ درێژه و 16كم به‌ناو زاخۆدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، گوتی، له توانای هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك نییه تیمی فریاكه‌وتن بۆ ئه‌و 50 كیلۆمه‌تر ئاوه دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی فریای ئه‌وانه بكه‌ون كه ده‌كه‌ونه ئاو و ده‌خنكێن، جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بێت هاووڵاتییان خۆیان هۆشیاری ئه‌وه‌یان هه‌بێت خۆیان بپارێزن و به‌پێی رێنماییه‌كان بچنه سه‌ر ئاوه‌كان.
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد، هیچ رێنمایی و یاسایه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی سزای ئه‌وانه بدات كه به‌پێی رێنماییه‌كان ناچنه سه‌ر ئاوه‌كان، به‌ڵكوو ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه هاووڵاتی تا چه‌ند گیانی خۆی ده‌پارێزێت و تا چه‌ند خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆش ده‌وێت و به‌پێی رێنماییه‌كان ده‌چێته ئه‌و شوێنانه.
رۆژی هەینی (14ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا، راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، چوار رووداوی خنکان لە رووباری خابوور تۆمارکراوە و ته‌مه‌نیان له‌نێوان 13 بۆ 17 ساڵی بووه، مازن ئه‌حمه‌د 13 ساڵ، ئه‌حمه‌د ئاریان 14 ساڵ، ئه‌حمه‌د حازم 14 ساڵ، رۆژهات خه‌ڵات 17 ساڵ.
هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له زێی گه‌وره مێرمنداڵێكی ته‌مه‌ن 11 ساڵ به ناوی مۆفه‌ق چه‌تۆ مه‌هدی و كه‌سێكی دیكه به ناوی یاسین محه‌ممه‌د ساڵح ته‌مه‌ن 35 ساڵی له كاتی مه‌له‌كردن له رووباری خازر خنكان.
بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە، هاووڵاتییان روو لە رووبار و شوێنە ئاوییەکان دەکەن بە مەبەستی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە و بەو هۆیەوە لەماوەی رابردوو چەند حاڵەتێکی خنکان لە رووبار و زێیەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.