سەرۆکی رووسیا گرووپی ڤاگنەر "بە نایاسایی" ناودەبات

سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر (راست) و سەرۆکی رووسیا (چەپ)
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر (راست) و سەرۆکی رووسیا (چەپ)

K24 - هەولێر

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دەربارەی گرووپی ڤاگنەر رایدەگەیەنێت، "هیچ یاسایەکمان نییە تایبەت بێت بە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان. واتە ئەگەر یاسایەکی نەبێت کەواتە کۆمپانیای ڤاگنەریش نییە و بوونی ئەو گرووپە نایاساییە".

پوتن لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی کۆمێرسانت، باسی لە یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە حکومەتی مۆسکۆ کرد و ئەوەی خستەڕوو رەوشەکە روون و ئاشکرایە بۆ گەلی رووسیا شەڕکەرەکانی گرووپی ڤاگنەر بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە جەنگاون، بەڵام جێگای داخە لە 24ـی حوزەیراندا یاخیبوون.

سەرۆکی رووسیا گوتیشی: "لە میانەی کۆبوونەوەم لەگەڵیاندا، هەم کارەکانیانم لە مەیدانی جەنگ و هەم رووداوەکانی 24ی حوزەیرانم هەڵسەنگاند. بژاردەکانی تایبەت بە کارکردنی ئایندەشیانم نیشاندان".

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی ئایا گرووپی ڤاگنەر وەک یەکەیەکی شەڕکەر دەمێنێتەوە یان نا، پوتن رایگەیاند: "هیچ یاسایەکمان نییە تایبەت بێت بە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان. واتە ئەگەر یاسایەکی نەبێت کەواتە کۆمپانیای ڤاگنەریش نییە و هیچ ئیعتیبارێکی نییە. ئەمانە وەک گرووپێک هەن بەڵام یاسایی نین".

سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، بەیاساییکردنی کۆمپانیا سەربازییەکان بابەتێکی جیاوازە و پێویستە پەرلەمان و حکومەت گفتوگۆی لە بارەوە بکەن.

ڤلادیمیر پوتن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، لە 29ی حوزەیراندا لەگەڵ 35 فەرماندەی ڤاگنەر کۆبووەتەوە و پێشنیازی دامەزراندنی جۆراوجۆری خستووەتە بەردەستیان و پێشنیازی ئەوەشی بۆ کردوون شەڕکەرانی ڤاگنەر بچنە ژێر فەرمانی یەکێک لە فەرماندەکان نازناوی "سەدا"ی هەیە، گوتیشی: "هەموویان دەتوانن لە یەک شوێندا کۆببنەوە و بەردەوامبن لە خزمەت، هیچ شتێک بۆ ئەوان ناگۆڕێت. لەلایەن هەمان کەسەوە هەر لە سەرەتاوە فەرماندەیان بووە، بەڕێوەدەبرێن".

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی گرووپەکە بـە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لەم پێشنیازە کردووە، بەڵام دامەزرێنەری ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆجین بەبێ ئەوەی ئەم پێشوازییەی بینیبێت گوتوویەتی پیاوەکانی بەشداریی ئەم بڕیارەیان نەکردووە.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی خستەڕوو "گرووپی ڤاگنەر یاسایی نییە" و ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە، جەختی لەوەش کردەوە بەیاساییکردنی ئەم جۆرە گرووپانە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی کۆشکی کریملن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا: "لانی کەم گفتوگۆ لەسەر بەیاسایی کردنی کۆمپانیا سەربازییەکان دەکرێت".