ئەمەریکیەک بەتۆمەتی دامەزراندنی هەزاران چەکداری داعش سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا

K24 - هەولێر

وەزارەتی دادی ئەمەریکا، سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر ئەمەریکیەک دا سەپاند، بەهۆی ئەوەی هاوکاری دامەزراندنی هەزاران چەکداری کردووە لە ریزەکانی داعشدا.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا رایگەیاند، "میرساد کاندیک" تەمەن 40 ساڵ، لە ماوەی ساڵانی 2013 بۆ 2017 لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق و سووریا، ئەندامی پلە باڵای ئەو رێکخراوی داعش بووە.

راشیگەیاند، لە ساڵی 2013دا، نیویۆرک بەجێدەهێڵێت و گەشتێکی بۆ سووریا کردووە، لەوێ پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و لە شارۆچکەی حەریتان لە نزیک حەلەب بووە بە چەکدار.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاندیک ئەمیر بووە و لە میدیاکانی داعشدا، بە شێوەی ئۆنلاین کاری کردووە، هەروەها لە رێگەی زیاتر لە 120 هەژماری تویتەرەوە، پڕوپاگەندە و پەیامەکانی دامەزراندنی چەکدارانی بڵاوکردووەتەوە.

وەزارەتی داد دەشڵێت: وەک دامەزرێنەرێک هەزاران چەکداری خۆبەخشی لە وڵاتانی رۆژئاواوە رەوانەی ناو داعش کردووە لە عێراق و سووریا.

یەکێک لەو خۆبەخشانەی کە دایمەزراندووە، روسلان ئەساینۆڤە لە نیویۆرک، کە قەناس بەدەست بووە و بووەتە چەکداری داعش و لە مانگی شوباتدا بە تۆمەتی پشتیوانی ماددی بۆ گروپێکی تیرۆریستی دیاریکراو سزا دراوە.

لەنێو ئەو کەسانەی دیکە کە وەرگیراون، کوڕێکی ئوسترالی بەناوی جەیک بیلاردی بوو، کە لە ساڵی 2014دا رایکێشابوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکات، دواتر لە مانگی ئاداری 2015دا، زیاتر لە 30 سەربازی عێراقی لە هێرشێکی خۆکوژیدا کوشت.

تا سەرەتای ساڵی 2017، کاندیک بە ناوێکی خوازراو لە بۆسنە خۆی حەشاردابوو، دواتر لە مانگی تەمموزی ساڵی 2017، لە سەرایڤۆ دەستگیرکرا و دوای سێ مانگ رادەستی ئەمەریکا کرایەوە.