فه‌تحوڵڵا گویله‌ن كێیه؟ كه به هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا تۆمه‌تبار كراوه
K24 - هه‌ولێر:
پشیتوانانی "ره‌وتی خزمه‌ت" كه له‌لایه‌ن فه‌تحوڵڵا گویله‌ن، بانگخوازی ئیسلامی دامه‌زراوه و ئێستا بووه‌ته ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، پێیانوایه، ره‌وته‌كه‌یان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی نوێگه‌رایی ئیسلامن، به‌ڵام زۆرێك له چاودێران، تا ئێستاش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن بزانن، ئامانجی ئه‌و ره‌وته ئیسلامییه چییه.
حكوومه‌تی توركیا، گویله‌ن و ره‌وته‌كه‌ی، به هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و رایانگه‌یاندووه، پلاندانه‌ری سه‌ره‌كی كوده‌تاكه، خودی گویله‌نه و له توركیاش پلانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كراوه، هه‌رچی گویله‌نه، به به‌رده‌وامه ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه و بێئاگایی خۆی له‌و پلانه راگه‌یاندووه.
فه‌تحوڵڵا گویله‌ن كێیه؟ "ره‌وتی خزمه‌ت" چییه؟
فه‌تحوڵڵا گویله‌ن له ساڵی 1941 له توركیا له‌دایكبووه و له ئێستاشدا، ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 75 ساڵه.
له ساڵی 1999، گویله‌ن چووه‌ته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له‌وێ له ناوچه شاخاوییه‌كانی بۆكۆنۆ، له ویلایه‌تی په‌نسلڤانیا، خاوه‌ن كۆشكێكه و رووبه‌ری زه‌وییه‌كه‌ی، نزیكه‌ی 28 دۆنم ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده گویله‌ن له دووره وڵات ده‌ژی و به ده‌گمه‌ن له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌رده‌كه‌وێت و لێدوان ده‌دات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ره‌وته‌كه‌ی، سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیای به‌لای خۆیدا راكێشاوه و له ده‌ره‌وه‌ی توركیا، خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنانه له كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندن، كه به له ملیاران دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.
گویله‌ن پێشتر كه‌سێكی نزیك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بوو و هاوڕێی نزیكی یه‌كبوون، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان، هه‌ست به بوونی مه‌ترسی ره‌وتی خزمه‌تی گویله‌ن بكات له‌سه‌ر حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، تا وای لێهات، ئه‌ردۆغان گویله‌نی به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌وڵه‌تی توركیا، تۆمه‌تبار كرد.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، كه گویله‌ن، پاڵپشتییه‌كی زۆری ئه‌ردۆغانی كرد، به‌تایبه‌تیش له سه‌ره‌تای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران له توركیا، له ساڵی 2003.
جیاوازی بۆچوونی نێوان ئه‌ردۆغان و گویله‌ن له كۆتاییه‌كانی 2013دا، ده‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی ره‌وتی خزمه‌ت و لایه‌نگرانی گویله‌ن له‌ناو حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته، پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغانییان، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی)، به تێوه‌گلان له گه‌نده‌ڵی له كه‌رتی گشتیدا تۆمه‌تبار كرد.
كه‌یسی گه‌نده‌ڵییه‌كه درێژه‌ی كێشا و تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه‌سانی نزیكی ئه‌ردۆغان ناوی له كه‌یسه‌كه‌دا بێت، دیارترینیشیان بیلالی كوڕی ئه‌ردۆغانه.
هه‌رچه‌نده لایه‌نگرانی گویله‌ن و ره‌وتی "خزمه‌ت"، ئاماژه به موسڵمانێتی كۆمه‌ڵایه‌تی و نوێبوونه‌وه‌ی ئایینی ده‌كه‌ن، به‌ڵام حكوومه‌تی توركیا ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه و رایگه‌یاندووه، ئامانجی ره‌وتی خزمه‌ت، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته له‌ناو ده‌وڵه‌ت.
گویله‌ن ره‌وتی خزمه‌تی دامه‌زراند، دواتر له رێگه‌ی دامه‌زراوه میدیایی و رۆژنامه‌وانی و بنیاتنانی قوتابخانه له وڵاته ئه‌فریقیی و ئاسیاییه‌كان، توانی بوونی خۆی له كۆمه‌ڵگه‌ی توركیادا به‌هێز بكات، به‌تایبه‌تیش له كه‌رتی به‌ڕێوه‌بردنی و كارگێڕی وڵات‌دا.
له كۆتایی 2013ه‌وه، حكوومه‌تی توركیا، هه‌ڵمه‌تێكی بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌كانی سوپا و ده‌ركردنی چه‌ند به‌رپرسێكی پۆلیسی و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌ستپێكردووه و ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ی ره‌وتی خزمه‌ت، داخستووه.
هه‌روه‌ها حكوومه‌ت، ژماره‌یه‌ك رۆژنامه و گۆڤاری نزیك له گویله‌نی داخستووه و سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌وانانی به هاوكاریكردنی گرووپه‌كه‌ی گویله‌ن تۆمه‌تبار كردووه.
هه‌رچه‌نده ره‌وتی خزمه‌ت، به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی له په‌یكه‌ری ئیداری و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ردنی ره‌وته‌كه نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌وان پابه‌ندی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی دیموكراتی و گفتوگۆی نێوان ئایینه‌كان ده‌ربڕیوه.
ره‌وتی خزمه‌ت 40 ساڵه له‌و وڵاته هه‌یه و هه‌ندێك له چاودێرانیش، ژماره‌ی لایه‌نگرانی ره‌وته‌كه، به ملیۆنان كه‌س ده‌خه‌مڵێنن له توركیا، كه ژماره‌ی دانیشتووانی نزیكه‌ی 70 ملیۆن كه‌س ده‌بێت.