لایەنگرانی رەوتی سەدر هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، لایەنگرانی رەوتی سەدر، لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقەوە، هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوەی نووری مالیکی.

ئەم هەنگاوە خێرایانەی کە لە لایەن لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە، دوای ئەوە هات کە گوایە حزبی دەعوە سووکایەتیان بە محەمەد ئەلسەدر کردووە.

لەم دواییانەدا ڤیدیۆ و بڵاوکراوەیەک لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە، کە سوکایەتی بە ژیاننامەی مەرجەعی سەدرییەکان، محەمەد سادق ئەلسەدر، کردووە و تۆمەتباریان کردووە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی پێشوو، هاوکات لایەنگرانی رەوتی سەدریش، چوارچێوەی هەماهەنگییان تۆمەتبارکردووە بۆ رێکخستنی ئەم هەڵمەتە، بەتایبەت حزبی دەعوەی سەر بەنووری مالیکی.

رۆژی شەممە، حەسەن ئەلعەزاری، سەرکردە لە رەوتی سەدر، پارتی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی تۆمەتبار کرد بە دەستپێکردنی هەڵمەتی هێرشبەرانە دژی محەممەد سادق سەدر.

.

حزبەکەی مالیکی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "لەم دواییانەدا کاغەزی زەرد و نامە بڵاوبوونەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، پەیوەندییان بە نوری مالیکی ئەمینداری گشتییەوە هەیە، یان پەیوەندییان بە ئاڵاکانی دەوڵەتی یاساوە هەیە، راستییەکەش ئەوەیە کە هیچیان پەیوەندی بە مالیکیەوە نییە کە ئەو جۆرە پێشێلکاریانە بڵاودەکرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا بڵاودەکرێتەوە لە تۆمەت و ساختەکردن تێناپەڕێت کە دەیانەوێت ناکۆکی لەنێوان براکاندا بچێنن و بەڕوونی نیشانیدەدەین کە هەموو پەیج و پلاتفۆرم و سایتەکانی راگەیاندن و ناوەندەکانی هەواڵمان، پابەندن بە ئەخلاقی رۆژنامەوانی و یاساکانی بڵاوکردنەوە، ئەوە رێبازی بزووتنەوەکەمان نییە کە کەس توڕە بکات یان داوای رق و دوژمنایەتی بکات.