داهاتی ئەمساڵی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار

کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتە
کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتە

K24 – هەولێر:

وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 200 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادیکردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە 600 هەزار تۆن کە داهاتەکەشی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێنن، لەو رێژەیەشدا 10 جۆریان پیشەسازیین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێنرێن.

مەهدی محەممەد، سەرپەرشتیاری کۆگای پەتاتەیە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە، "لە كێڵگەكانەوە پەتاتە دێت و دوای پشكنین، لە لایەن لیژنەی ئەندازیاران، باش و خراپ جیا دەكرێنەوە، پاشان کێش دەكرێن و هەریەك بە قەبارەی خۆی دەچێتە ناو سیستم و ژمارەیان بۆ لە یەك تا سێ بۆ دیارى دەکرێت، دواتر بۆ كۆگا رەوانە دەکرێن".

ئەو سەرپەرشتیاری کۆگایە باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەمساڵیش گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران كردووە، بۆ ئەوەی 20 هەزار تۆن پەتاتەیان لێ وەربگیرێت، كە دەتوانرێت لە كۆگاكان بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵبگیرێن و بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكاربێت.

لەبارەی زیادبوونی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، مەهدی محەممەد روونیکردووەتەوە، بەهۆی زیادکردنی ژمارەی کۆگاکانی ساردکەرەوە کە جووتیاران ترسی ئەوەیان نییە بەرهەمەکانیان نەفرۆشرێت و تێکبچن، هەروەها بەهۆی هاتنە پێشەوەی کۆمپانیاکان و برەودان بە پیشەسازی خۆراکی و هاوکاریکردنی زیاتری جووتیاران وایکردووە، ئەمساڵ 70%ـی بەرهەمی جووتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادبکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی ناوکوڕ لە قەزای بەردەڕەش، كە پەتاتەکەی بە باشترین جۆری پەتاتە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت، لەوبارەیەشەوە، غایب رەمەزان، جووتیارێكی دەڤەرەکەیە و رایگەیاندووە "بنه‌تۆو له‌ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی وەردەگرین، كە تۆوی پەتاتە لە وڵاتی هوڵه‌نداوە دەهێنێت و ئەم جۆرەش یەكێكە لە جۆرە زۆر باشەكان و رێنمایی چۆنیەتی چاندنیش بە جووتیاران دراوە  کە بۆ پێگه‌یشتنی په‌تاته‌كەش ماوەی سێ هه‌تا چوار مانگ پێویستە".

هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، ئێستا بەرهەمهێنانی پەتاتە زۆر ئاسانتر بووه‌ له‌چاو ساڵانی رابردوو، ئەمەش بۆ بوونی ئامێری پێشكەوتوو، هەروەها ئەو جۆرە تۆوانەی هەن دەگەڕێتەوە و قەبارەی بەرهەمهێنانیش نزیكەی پێنج جار له‌ خواستی ناوخۆ زیاترە.

غایب رەمەزان گوتیشی، رۆژانه نزیكەی 300 جووتیار لە کێڵگەکانی ئەوان كاردەکەن کە رووبەرەکەی نزیكەی 700 دۆنمە و و به‌رهه‌می رۆژانه‌شیان نزیكەی 200 تۆ‌ن پەتاتە دەبێت و کۆگاکانی ساردکەرەوەش توانای کۆگاکردنی 200 هەزار تۆن پەتاتەیان هەیە، ئەمەش بووەتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ جووتیاران و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.