70 كۆچبه‌ری نایاسایی له‌ بیبانه‌كانی نزیكی تونس رزگارده‌كرێن

K24 – هەولێر:

پاسەوانی سنووری لیبیا رزگارکردنی نزیکەی 70 کۆچبەری لە بیابەنەکانی نزیک سنووری تونس راگەیاند.

ئەفسەرێکی پاسەوانی سنووری لیبیا رایگەیاند، نزیکەی 50 تا 70 کۆچبەر لە بیابەنەکانی نزیک سنووری تونس لەلایەن ئەو وڵاتەوە جێهێڵدرابوون و لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری لیبیاوە رزگارکراون.

راشیگەیاند، چەندین رۆژە کۆچبەرەکان بەبێ خواردن و خواردنەوە بیابانەکانی نزیک ئەلعساء لە سەر سنووری نێوان تونس و لیبیا ماونەتەوە و بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما شەکەت بوونە و باری تەندروستییان خراپ بووە، بۆیە بەر لە هەموو شتێک فریاگوزاری سەرەتاییان پێشکەشکردوون.

دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیی لە نێوان کۆچبەران و خەڵکی خۆجێی شاری سفاکس لە سێی ئەم مانگە و کوژرانی کەسێکی توونسی، بە سەدان کۆچبەری ئەفریقی بە زۆرە ملێ رەوانەی بیابان و ناوچە دوورە دەستەکان کراون.