ئیلۆن مەسک: ئەمەریکا لە سەرگەردانیدا بۆمبی هێشووی بۆ ئۆکرانیا ناردووە

ئێلۆن مەسک
ئێلۆن مەسک

K24 - هەولێر:

بە بۆچوونی ئیلۆن مەسک ئەمەریکا لە سەرگەردانیدا بۆمبی هێشووی بۆ ئۆکرانیا ناردووە، راوێژکاری ئاسایشی ناوخۆی ئۆکرانیاش لەلای خۆیەوە وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت، جگە لە جەنگان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.

لە تویتێکدا ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی تویتەر و دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان رایگەیاند، رووسیا چوارهێندەی ئۆکرانیا تۆپهاوێژ و دە هێندەی ئۆکرانیا فیشەکی هەیە، ئەمەریکاش خەریکە چەکی پێنامێنێت بۆ ئۆکرانیای بنێرێت لەبەرئەوە لە پەرێشانیدا بۆمبی هێشوویان بۆ دەنێرێت.

مەسک باسی لەوەشکرد، ئەمەریکا قەدەری خۆی لاواز دەکات بەبێ ئەوەی گۆڕانکاریی بەدیبێت.

لەبەرامبەردا ئەنتوان گراشینکۆ راوێژکاری ئاسایشی ناوخۆی ئۆکرانیا وەڵامی ئیلۆن مەسکی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر نەجەنگن رووسیا ئۆکرانیا دەکاتە کەمپێکی گەورەی دەستگیرکردن، بۆیە جگە لە جەنگان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە.

سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەسەر داواکاری کێیڤ چەکی (بۆمبی هێشوویی) رەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

زیاتر لە 100 وڵات بەکارهێنانی بۆمبی هێشووییان قەدەغەکردووە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش رەخنە لە بڕیارەکەی واشنتن دەگرن بۆ ناردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکرانیا.

بۆمبی هێشوویی پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆری تەقەمەنی قەبارە بچووک کە لەنێو مووشەک یان گوللـە تۆپێکدا جێگیرکراون و لەکاتی تەقاندن یان خستنەخوارەوەیدا، تەقەمەنییە بچووکەکان بە رووبەرێکی فراواندا بڵاودەبنەوە.