راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا: ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ئێستادا له ناتۆدا مهحاڵه
K24 - هەولێر
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ئاشكرایكرد داهاتووی ئۆکرانیا لە ناتۆدایە و ئەوەش پرسێک نییە دانوستانی لهسهر بكرێت. هاوکات گوتیشی، ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ئێستادا له ناتۆدا مهحاڵه، چونکە ئەمەریکا و ناتۆ دەخاتە جەنگەوە لە دژی رووسیا.
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "ئەم هەفتەیە"ـی کەناڵی ئهی بی سی نیوز، باسی لە دواپێشهاتەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا و ئەندامبوونی کیێڤ لە هاوپەیمانی ناتۆدا کرد.
سوڵیڤان جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییکردنی ئۆکرانیا لە بهرامبهر رووسیادا و پێیوایە گەلی ئەەمریکاش درێژه به پشتیوانییکردن لەوه دهدهن. سەبارەت بە ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگهیاند: "داهاتووی ئۆکرانیا لە ناتۆ دایە. نوقته. بۆ ئهمه پێویست بە دانوستان ناکات. لە خاڵێكدا ئەوە روودەدات".
جەیک سوڵیڤان وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ئێستادا له ناتۆدا مهحاڵه، گوتیشی: "بهر له ههموو شت كاتێك کە هێشتا جهنگ بەردەوامە، ئۆكرانیا ببێته ئهندامی ناتۆ، ئهمه بەو مانایە دێت کە ناتۆ لەگەڵ رووسیا دەچێتە جهنگهوه. ئەمەش به مانای ئهوه دێت، ئەمەریکا دەچێتە جهنگهوه لەگەڵ رووسیا. نە ناتۆ و نە ئەمەریکا ئامادە نیین بۆ ئهمه".
هاوكات سوڵیڤان بهپێویستی زانی ههر وڵاتێکی پاڵێوراو بۆ ئەندامێتیی له ناتۆ ژمارهیهك ریفۆرم له دیموکراسیدا ئەنجام بدات و ئاشكرایكرد، کە ئۆکراینا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بەڵام پێویستی بە ریفۆرمی زیاتر هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی؛ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، راستەوخۆ جەنگی سێیەمی جیهانی هەڵدەگیرسێت و سەرجەم مرۆڤایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە. راشیگەیاند، پێویستە ناتۆ هەنگاوەکانی وەرگرتنی ئۆکرانیا رابگرێت، چونکە مەترسی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی هەیە.
دوای ئەوەی ئۆکرانیا بە فەرمی خواستی خۆی بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ نیشاندا، رووبەڕووی هەڕەشەکانی حکومەتی رووسیا بووە، کە دواجار لە 24ـی شوبات هەڕەشەکان بوونە کردار و لەو رۆژەدا لەشکرکێشی سووپای رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستیپێکرد و تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان ئەو هێزەکانی ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە.
هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە، وایکرد هەریەک لە فینلاند و سوید داواکاری بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ پێشکەش بکەن، کە سەرەتا دوو ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە، هەنگاریا و تورکیا رازی نەبوون لەسەر ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە، بەڵام دواتر رەزامەندیان لەسەر بە ئەندامبوونی فیلاند دا.
دوای رازیبوونی هەنگاریا و تورکیا، فینلاند بە فەرمی بووەتە ئەندامی ناتۆ، ئێستاش کار لەسەر بە ئەندامبوونی سوید دەکرێت.