کــــــــاتی هـــــــــــات؛ لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئێمباپێ بڕیارە گەورەکە دەدات

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ

تاوەکوو ئێستا ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە و پاریس سانجێرمان چاوەڕێی قسەی کۆتایی هێرشبەرە فەرەنسییەکە دەکات، لە چەند کاتژمێری داهاتوو بڕیارە گەورەکە دەدات و لە نێوان پاریس و مەدرید یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئێمباپێ بە جلوبەرگێکی سپییەوە گەیشتە راهێنانەکانی پاریس سانجێرمان بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکاریی بکات بۆ وەرزی نوێ، بەگوێرەی سەرچاوەکانی رامۆن ئالڤارێز رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی هێرشبەرە فەرەنسییەکە بکەن.
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی رایگەیاندووە، جارێکی دیکە ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، ئێمباپێی ئاگادار کردووەتەوە لە نێوان نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و رۆیشتنی لەم هاوینە یەکێکیان هەڵبژێرێت، کە زیاتر لە جارێک کیلیان دووپاتیکردووەتەوە دەیەوێت هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد پاریس بەجێبهێڵێت.
لەلایەکی دیکە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە ئێمباپێ لەگەڵ ناسر خلێفی و لویز ئێنریکی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی پێش گەشتی پاریس سانجێرمان بۆ ژاپۆن چارەنووسی ئەو یاریزانە یەکلا بێتەوە، کە ئێنریکی دەیەوێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی ئێمباپێ رازی بکات لە یانەکە بمێنێتەوە.

هاوینی داهاتوو گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت و دەتوانێت بە گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە یانەیەکی دیکە، بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەشی دەتوانێت بۆ ساڵێکی دیکەش لە پاریس بمێنێتەوە و تا هاوینی 2025 گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

ریاڵ مەدرید چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئێمباپێ دەکات، کە بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکانی ئیسپانیا یانە مەدریدییەکە ئامادەیە 200 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر ئێمباپێ بدات.