حەفت کەس بە هۆی داڕمانی باڵەخانەیەکەوە گیانیان لە دەستدا

داڕمانی باڵەخانەیەک لە میسر (ئەرشیف)
داڕمانی باڵەخانەیەک لە میسر (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی چوار نهۆمی لە قاهیرە داڕما و بەهۆیەوە حەفت کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی لە ناوچەی حەدایق ئەلقوبە لە رۆژهەڵاتی قاهیرە داڕما، دواتر هێزەکانی بەرگری شارستانی چوونە شوێنی رووداوەکە بۆ دەرهێنانی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووەکان.

دەسەڵاتدارانی میسر دەڵێن: توانیویانە حەوت کەس لە ژێر داروپەردووەکان دەربهێنن کە گیانیان لەسەدستدابوو، هاوکات چوار کەسی دیکەش بە زیندووی دەرهێنراون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

بەگوێرەی رۆژنامەکانی میسر، هەفتەی رابردوو بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی لە ناوەندی شاری رەشید لە پارێزگای بوهایرە لە باکووری رۆژئاوای قاهیرە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون.

پێشتریش لە مانگی تەمموزدا دوو خانوو لە شاری سۆهاگی میسر بەشێکیان داڕما بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە، هەروەها مانگی رابردوو بەهۆی داڕمانی شوێنێکی نیشتەجێبوون لە پارێزگای ئەسکەندەریە، 10 کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.