گوتەبێژی کریملن: رووسیا رێککەوتنی دانەوێڵەی راگرت و بۆ دەستپێکردنەوەی مەرجی هەیە

دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا "کریملن"
دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا "کریملن"

K24 - هەولێر

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا "کریملن" وەستاندنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی دانەوێڵە رادەگەیەنێت و مەرجی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی رێککەوتنەکەش ئاشکرادەکات.

 ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا "کریملن" لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی "ئەگەری درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە" لە نێوان رووسیا-تورکیا- ئۆکرانیا بۆ میدیاکان قسەیکرد و  رایگەیاند، رووسیا رێککەوتنی دانەوێڵەی وەستاندووە و، هەر کاتێک بەشی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی دانەوێڵەدا جێبەجێکرا، مۆسکۆ دووبارە دەگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکەدا.

رۆژی چوارشەممە 12ی تەممووزی 2023، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دوا وادەی رێککەوتنی دانەوێڵە 17ـی تەممووزە و ماوەی رێککەوتنەکە درێژناکرێتەوە. پوتن گوتیشی، "به داخەوه هێشتا ئەو بەشەی پەیوەستە به رووسیاوه لەم رێککەوتنەی دەریای ڕەشدا جێبەجێنەکراوه، بۆیە رێککەوتنەکە کۆتایی پێدێت".

رووسیا چەند مەرجێکی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی رێککەوتنەکە هەیە لەوانە:

یەکەم: پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە رێککەوتنەکەوە و گەیاندنی ئامێری کشتوکاڵی و پارچەی یەدەگ و خزمەتگوزاری بۆ ڕووسیا، بەوپێیەی کەوتونەتە ژێر سزاکانی ڕۆژئاواوە، هاوکات کرینی بەرووبوومی کشتووکاڵی رووسیا و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوە.

دووەم: بەستنەوەی بانکی کشتوکاڵی ڕووسیا رووسخۆزبانک بە سیستەمی سویفتەوە .

سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی سنووردارکردنی بیمە لەسەر  کەشتییە دانەوێڵەییەکانی ڕووسیا و لابردنی قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەیان بۆ بەندەرەکان.

چوارەم: دەستپێکردنەوە و کارپێکردنەوەی بۆری ئامۆنیا تۆگلیاتی-ئۆدێسا (نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی دا لە کانوونی دووەمی 2022 بیکاتەوە، بەپێی میدیاکانی رووسیا لە رۆژی 5 حوزەیراندا لە لایەن گرووپە توندرەوەکانی سەر بە ئۆکرایناوە تەقێنرایەوە، بۆ چاککردنەوەی مانگێک تا سێ مانگ پێویستە).

پێنجەم: کردنەوەی سەروەت و سامانی بلۆککراوی کەسایەتی و کۆمپانیا و حکومەتی رووسیا لە دەرەوەی وڵات.