عێراق له هه‌وڵی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتدایه له رێگه‌ی سووریاوه

K24 - هەولێر:
گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ردانیه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ سووریا له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان و پێشخستنی بواره جیاوازه‌كان بووه، ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات، عێراق بیر له‌وه ده‌كاته‌وه جارێكی دیكه به‌نده‌ری بانیاس بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی به‌كاربهێنێته‌وه.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 17ـی ته‌ممووزی 2023) باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، سه‌ردانیه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ سووریا كه به یه‌كه‌م سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دێت له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2010ـوه، سه‌ردانێكی گرنگ بووه به‌تایبه‌ت بۆ پێشخستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نێوان به‌غدا و دیمه‌شق له سه‌رجه‌م بواره جیاوازه‌كاندا.
گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كرد، عێراق به‌دوای ده‌روازه‌ی نوێ ده‌گه‌ڕێت بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی و دۆزینه‌وه‌ی كڕیارانی نه‌وت له رێگه‌ی ئه‌و ده‌روازه نوێیایه‌وه، گوتیشی، عێراق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ سووریا گفتوگۆ بكات سه‌باره‌ت به دووباره زیندووكردنه‌وه‌ی هێڵی نه‌وتی عێراق – به‌نده‌ری بانیاس له سووریا بۆ سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست.
هه‌روه‌ها باسم عه‌وادی روونیكرده‌وه، عێراق چاوه‌ڕوانی ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخی سووریا و سه‌قامگیری ئه‌منی ئه‌و وڵاته ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه گه‌ڵاڵه‌كراوه بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكۆدن، جه‌ختیشیكرده‌وه، به‌نده‌ری بانیاس ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق ده‌ڕه‌خسێنێت، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت نه‌وته‌كه‌ی به خێراتر بگه‌یه‌نێته ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و دۆزینه‌وه‌ی كڕیارانی نه‌وت.
گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق باسی له‌وه‌ش كرد، سووریا چه‌ندین به‌نده‌ری گه‌وره و باشی هه‌یه كه راسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، گوتیشی ئه‌گه‌ر سووریا باوه‌ڕی به‌وه هێنا به‌شداری نه‌خشه‌ی رێگای بووژانه‌وه‌ی عێراق بكات، ده‌توانێت به‌شدار بێت له به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی رێگا وشكانی و ئاسنین و به‌نده‌ره‌كانی نێوان عێراق، توركیا و سووریا، به‌مه‌ش سووریا سوودێكی زۆری دارایی به‌ده‌ستده‌هێنێت.
رۆژی (یه‌كشه‌ممه 16ـی ته‌مموززی 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا و له‌لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریاوه پێشوازی لێ كرا. هاوكات نووسینگه‌ی سوودانی رایگه‌یاند، سه‌ردانییه‌كه له‌سه‌ر داوای فه‌رمی سه‌رۆكی سووریا بووه.
هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، سه‌ردانییه‌كه له كاتێكی گونجاو‌دا بووه بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتوانی عێراق له یه‌كێتی خاكی سووریا و ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها پیرۆزباییكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی دیمه‌شق بۆ ناو كۆمكاری عه‌ره‌بی و هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ له‌سه‌ر گه‌لی سووریا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ریه‌ك له سوودانی و ئه‌سه‌د چه‌ندین پرسی نێوان هه‌ردوو وڵاتی دراوسێیان تاووتوێ كردووه، له گرنگترین ئه‌و پرس و ته‌وه‌رانه‌ش پرسی ئاواره سوورییه‌كان، مادده هۆشبه‌ره‌كان و كه‌مئاوی. هه‌روه‌ها بێجگه له‌و پرس و ته‌وه‌رانه په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسی و ئابووری و بازرگانی و گه‌شتیارییه‌كانیان خستووه‌ته‌ڕوو و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه.