هاووڵاتییانی کەرکووک لە نەبوونی یەک هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان نیگەرانن

K24 – کەرکووک:

جووتیاران و خۆپێشاندەرانی نێو خێمەی جووتیاران داوایەک لە یەکێتی و پارتی دەکەن کە بەهەر شێوەیەک بێت یەک بگرن و ناکۆکیەکان بەلاوەبنێن و بەیەک لیست بەشداری لەهەڵبژرادنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن.

دەشتی ئاغا، جووتیارێکی گوندی پەڵکانە لە کەرکووک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، خواستیان ئەوەیە لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک، بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەر بکەن و کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک.

ئەو جووتیارەی گوندی پەڵکانە داواکارە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان بەلاوەبنێن و بۆ بەرژەوەندی کورد کاربکەن.

لەلایەکی دیکەوە، دلێر گابەڵەکە، جووتیارێکی دیکەی سنووری شاری کەرکووک بۆ کوردستان24، گوتی: "تکا لەلایەنە کوردییەکان دەکەم با چاو لەجووتیارانی ئەم سنوورە بکەن، لەبەر ئەوەی جووتیارانی گوندەکانی کەرکووک هەموویان لەپێناو پاراستنی خاکەکە یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن".

دەرگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک، تاکوو کۆتایی ئەم مانگە کراوە دەبێت بۆ پێشکەشکردنی هاوپەیمانی، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەکی کوردی پێشکەش بە کۆمیسیۆن نەکراوە.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.