پشتیوانی خێرا: پێشبینی دەکەین پێش کۆتایی هاتنی ئەم مانگە ئاگربەستێکی گشتگیر دەستپێبکات

K24 - هەولێر

راوێژکاری فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان، رایگەیاند، پێشبینی دەکات پێش کۆتایی ئەم مانگە، لەگەڵ سعودیە و ئەمەریکا، ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستپێبکات.

مستەفا محەمەد ئیبراهیم، راوێژکاری فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەمیدیا عەرەبییەکانی راگەیاندووە، پێشبینی دەکات پێش کۆتایی ئەم مانگە بە دیالۆگ، پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوودان دەستپێبکات، هەروەها ئێمەش پێمان گوتوون کە ئێمە چەندە ئامادەین بۆ شەڕ، ئەوەندەش ئامادەین بۆ ئاشتی.

ئاماژەی بەوەشدا کە "پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا لە رووی دانوستانەوە پێشهاتێکی بەرچاو و ئەرێنی رووبدات"، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئامادەن هەر ئیمتیازێک، کە ببێتە هۆی گەیشتن بە بەرژەوەندیی گەل و دەستەبەرکردنی سەقامگیری وڵات، لە رێگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ خەڵکی مەدەنی.

محەمەد حەمدان دەقلو، فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاند: هیچ سەرکەوتنێک، هەرچەندە گەورە بێت، وامان لێناکات بە بوێریەوە پێشڕەوی بکەین بۆ قبوڵکردنی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی مێژوویی سوودان.

لە 15ی نیسانی رابردوودا، شەڕ و ململانێ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 هەزارکەس ئاوەرەی وڵاتانی دراوسێ بوونە و زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیش ئاوارەی ناوخۆ بوونە، هەروەها هیچ ئامارێکی فەرمیش لەسەر کوژران و برینداران رانەگەیندراوە.