د. سەباح سوبحی: لەسەر پرسی پێشنیازەیاسای نەوت و گاز هەنگاوی باش نراوە

"ئەوەی ماوەتەوە دەکەوێتە سەر رێککەوتنی سیاسی سەرتاسەری"

K24 - هەولێر:

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی پێشنیازەیاسای نەوت و گاز هەنگاوی باش نراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و وزە سەبارەت بە پێشنیازە یاسای نەوت و گاز دەڵێت: هەنگاو باش نراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە، دەکەوێتە سەر رێککەوتنی سیاسی سەرتاسەری، چونکە ئەو پێشنیازەیاسایە ئەگەر پەسەند بکرێت، بە گرنگترین یاسا لە قەڵەم دەدرێت.

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و وزە بەڕێوەچوو، یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی دوێنێ درا، بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت بوو، بۆئەوەی بتوانین چەند پرسێک تاووتوێ بکەین.

گوتیشی: لەگەڵ وەزیری نەوت گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازەیاسای نەوت و گازەوە دەکەین، بۆئەوەی بزانین پێشنیازەیاساکە گەیشتووەتە چ قۆناغێك.

بەپێی پێشبینییەکانی د، سەباح سوبحی، ئەو کێشە و گرفتانەی لە یاسای نەوت و گاز هەیە، زیاتر رووبەڕووی ئەو شار و پارێزگایانە دەبێتەوە کە بەرهەمهێنەری نەوتن، چونکە ئەو شارانە زۆر زەرەرمەندن، لەڕووی پیسبوونی ژینگەکەیان و نەخۆشکەوتنی دانیشتووانەکەی.

ئاماژەی بەوەشدا، جگە لە یاسای نەوت و گاز، بڕیارە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری نەوت، باسی ئەو رێککەوتنە بکرێت کە لەسەر نەوت و غاز لەگەڵ ئێران مۆر کراوە.

لە رێککەوتنەدا هاتووە، لە بەرانبەر هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران غاز دەداتە عێراق، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی غاز و بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا.