وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدایه‌

K24 - هەولێر:

وه‌زیری به‌رگری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌سه‌ر تیرۆر، سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی به‌هێزتر كرد.

سابت ئه‌لعه‌باسی وه‌زیری به‌رگری عێراق له‌ تویتێكدا نووسیوویه‌تی: "له‌ باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری، پێشوازیم له‌ وه‌زیری به‌گری فه‌ره‌نسا سباستیان لۆكوڕنۆ كرد و گفتوگۆمان له‌باره‌ی ئاسایشی ناوچه‌یی و هه‌ماهه‌نگییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و عێراق كرد".

وه‌زیری به‌رگری عێراق هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا باسمان له‌وه‌ كرد، كه‌ سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌سه‌ر تیرۆر، سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی به‌هێزتركرد، جه‌ختمان له پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییه‌ كرده‌وه‌".

دوێنێ ماڵپەڕی لێ فیگارۆی فەرەنسی بڵاویكردبووه‌وه‌، سباستیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌ولێر لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازی لێ بکرێت.

وەزیری بەرگری فەرەنسا سەربازەکانی هێزی وڵاتەکەی، کە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا جێگیرکراون بەسەردەکاتەوە.

سەردانەکەی وەزیری بەرگری فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگری و هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکە دەبێت.

وەزیری بەرگری فەرەنسا رۆژی دوو شەممە، لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر کۆبووە و بڕیاره‌ دوای سەردانەکەی، رۆژی سێ شەممە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێبکەوێت.

کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و لە سەردەمی حوکمڕانی چەندین سەرۆکی فەرەنسا و تێپەڕبوونی قۆناغی جیاجیا ئەو پەیوەندییانە پەرەیان پێدراوە، لە شەڕی داعشدا فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بوو، بۆ تێکشکاندنی داعش.