"پاریس سه‌ركێشییه‌كی گه‌وره‌ له‌ دژی بارسێلۆنا ده‌كات"

ناسڕ خلێفی سه‌رۆكی سانجیرمان و لویس ئێنریكی راهێنه‌ری نوێی پاریس
ناسڕ خلێفی سه‌رۆكی سانجیرمان و لویس ئێنریكی راهێنه‌ری نوێی پاریس

پاریس سانجێرمان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی سه‌رنجراكێشی ئاماده‌ كردووه‌ له‌ پێناو ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م هاوینه‌ی له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان.

ڕۆژنامەی "دەیلی مه‌یل"ـی به‌ریتانیا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، یانه‌ی پاریس سانجێرمان لە بەرامبەر گرێبەستکردن لەگەڵ بێرناردۆ سیلڤا ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی ئاماده‌یه‌ 3 یاریزانی پێشكه‌شی یانه‌ ئینگلیزییه‌كه بكات‌.

پاریس سانجێرمان به‌ نیاز ئۆفه‌رێك بخاته‌ به‌رده‌م كارگێری مان سیتی بۆ ئه‌وه‌ی 3 یاریزان به‌رامبه‌ر یاریزانێك له‌گه‌ڵ مان سیتی بگۆڕێته‌وه‌، یاریزانه‌كانی پاریس پێكهاتوون له‌ (مارکۆ ڤیراتی، جیانلویجی دۆنارۆما و پێرسنێل کیمپێمبی، لە بەرامبەردا بێرناردۆ سیلڤاش په‌یوه‌ندی به‌ پاریس سانجێرمان بكات.

گرێبەستەکەی بێرناردۆ سیلڤا لەگەڵ یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ دوای دوو وەرزی دێكه‌ به‌ دیاریكراوی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌م یاریزانه‌ لە هاوینی 2017 لە مۆناکۆوە بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی مان سیتی کردووە.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئەستێرە پورتوگالییەکە لەم هاوینەدا ئامانجی سه‌ره‌كی ئیدارەی بارسێلۆنایه‌، چونکە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە ئاره‌زووی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ی به‌ ئاشكرا ده‌ربڕیوه‌.

بارسا لەم هاوینەدا 3 یاریزانی گواستووه‌ته‌وه‌، ئەوانیش ئیلکای گوندۆگان، ئینیگۆ مارتینێز و ڤیتۆر ڕۆکی بوون.