سەربازێکی ئەمەریکی بەرەو کۆریای باکوور هەڵدێت

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی

K24 - هەولێر

سەربازێکی ئەمەریکی بۆ ئەوەی لە لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەیەوە سزا نەدرێت، بەرەو کۆریای باکوور هەڵدێت. فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکاش دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و لەگەڵ هاوتا کۆریایەکانیان کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەن.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (18ـی تەممووزی 2023)، ئیزاک تایلۆر، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە کۆریا رایگەیاند،  لە ناوچەی ئەمنی هاوبەشی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و کۆریای باشوور، سەربازێکی ئەمەریکی لە گەشتێکدا بووە و، دواتر "بە ئارەزووی خۆی و بەبێ ئەوەی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هێڵی سنووردارکردنی سەربازی وەربگرێت، چووتە نێو خاکی کۆریای باکوور".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە کۆریا ئاماژەی بەوەش دا، پێیانوایە لە ئێستادا ئەو سەربازە ئەمەریکییە لەلایەن کۆریای باکوورەوە "دەستەبەسەرکراوە" و لەگەڵ هاوتا سەربازییەکانیان لە کۆریای باکوور کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو سەربازە ئەمەریکییە دەکەن.

لای خۆیەوە لوید ئۆستن، وەزیری بەرگرییی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لەو سەربازە دەربڕی و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هێشتا چاوەڕێی زانینی زانیاری زیاترین. پێمانوایە لە کۆریای باکوور دەستبەسەرکراوە، بۆیە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین، لێکۆڵینەوە لێی دەکەین و کار بۆ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی دەکەین".

بەگوتەی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا؛ سەربازەکە ناوی "ترافێس کینگە" و ساڵی 2021 پەیوەندی بە ریزەکانی سوپاوە کردووە. ئاماژەشیان بەوە داوە، سەربازەکە لە "گەشتێکی مەدەنیدا بووە" لەگەڵ کۆمەڵێک سەردانیکەر بۆ گوندی بانموگۆم کە بە "گوندی ئاشتی" ناسراوە و دەکەوێتە ناوچەی ئەمنی هاوبەشی نێوان هەردوو کۆریای باکوور و باشوور و، دواتر هێڵی سنووری بەزاندووە و چووەتە کۆریای باکوور.

دوو فەرماندەی سەربازی سوپای ئەمەریکا کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی "رویتەرز"ـیان راگەیاندووە، بڕیاروابوو ئەو سەربازەی چووەتە کۆریای باکوور، لەلایەن سوپاوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەربازەکە پێشتر بۆ ماوەیەک بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچییەکەوە، لە کۆریای باشوور دەستبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز"ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، پێش رووداوەکە، سەربازەکە رەوانەی ئەمەریکا دەکرا بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە توانیویەتی بەرێگەیەک بگەڕێتەوە و بەشداری لەو گەشتە سنوورییەدا بکات.

هەڵاتنی ئەم سەربازە ئەمەریکییە لە کاتێکدایە؛ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا پەرەیان سەندووە و دوێنێ سێشەممە ژێردەریایەکی ئەتۆمیی ئەمەریکا کە هەڵگری مووشەکی بالیستییە، گەیشتە کۆریای باشوور، ئەمەش سەرەڕای هۆشدارییەکانی بیونگیانگ بۆ واشنتن لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور بڵاویکردووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وەڵامی گەیشتنی ژێردەریا ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بۆ کۆریای باشوور، کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕی ئارستەی دەریای رۆژهەڵات کردووە کە بە "دەریای یابان" ناسراوە.

دەستگیرکردنی سەربازە ئەمەریکییەکە لەلایەن کۆریای باکوورەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوام هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە گەشتکردن بۆ کۆریای باکوور "بەهۆی مەترسی جیددی لەسەر ژیانیان و دەستگیرکردنیان بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوورەوە".

هۆشدارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات، ساڵی 2017 کۆریای باکوور خوێندکاری زانکۆیەکی ئەمەریکی، کە سەردانی وڵاتەکەیانی کردبوو، بۆ ماوەیەک دەستگیرکردبوو و دوای ئازادکردنی بۆ ماوەی چەند رۆژێک، گیانی لەدەستدا.