مارک رووتە بۆ کوردستان24: هیوادارم دیلان یەشیلگۆز ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا

K24 - برۆکسل:

مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی هۆڵەندا لەرێی کوردستان24ـەوە ئاشکرایکرد، هیواخوازە (دیلان یەشیلگۆز) بەرەگەز کورد ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.

مارک رووتە لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەکرد، هەرچەندە دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پەیوەستە بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، بەڵام هیوادارە دیلان یەشیلگۆز ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، دیلان لە حزبەکەی خۆیەتی و یەکێکە لە باشترینەکان، گوتیشی: هەڵبژاردن کێبڕکێیەکی ئازادانەیە.

مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا سەرەتای ئەم مانگە دەستیلەکارکێشایەوە، بەهۆی نەگەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانی دوای ساڵ و نیوێک لە پێکهێنانی کابینەی ئێستا ئەو وڵاتە لەسەر پرسی کۆچبەران.

بڕیارە ئەمساڵ لە مانگی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا بەرێوەبچێت.، تا ئەوکاتەش مارک رووتە لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەمێنێتەوە.

دیلان یەشیلگۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و ساڵی 1977 لە شاری ئانکەرە لە دایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە. دیلان منداڵ دەبێت ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچبەری هۆڵەندا بوون.

دیلان لە زانکۆی ئەمستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا. لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە، ئێستاش وەزیری دادی هۆڵەندایە.