دوای رەخنەکانی ماکرۆن ئابووریناسێکی ئەمەریکی دەستبەرداری پۆستێکی گرنگ دەبێت

فیۆنا سکۆت مۆرتن
فیۆنا سکۆت مۆرتن

K24 - هەولێر

دوای ناکۆکی و ململانێکانی سەرۆکی فەڕەنسا، فیۆنا سکۆت مۆرتن، ئابووریناسی ئەمەریکی پۆستەکەی لە یەکێتی ئەوروپا قبوڵ نەکرد.

رۆژی چوارشەممە، کۆمسیاری ئەوروپا مارگرێت ڤێستەیگەر، لە تویتێکدا نوسیویەتی "فیۆنا سکۆت مۆرتۆن لە بڕیارەکەی خۆی ئاگاداری کردمەوە کە پۆستی گەورەی ئابوریناسان بۆ کارووباری کێبڕکێ قبوڵ ناکات".

دەستنیشانکردنی سکۆت مۆرتن، بە تایبەتی فەڕەنسا و ژمارەیەکی زۆر لە یاسادانەرانی ئەوروپی توڕە کردووە و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، دەستنیشانکردنی سکۆت مۆرتن "پرسیار دروست دەکات".

فیۆنا سکۆت مۆرتن لە نامەکەیدا بۆ ڤێستەیگەر نووسیویەتی: "بە رەچاوکردنی ئەو ناکۆکییە سیاسییەی کە بەهۆی هەڵبژاردنی کەسێکی نا ئەوروپی بۆ ئەم پۆستە و گرنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کێبڕکێ کە پشتیوانی تەواوی یەکێتی ئەوروپا دەکات، پێم وابوو باشترە بۆ من بکشێمەوە".

بەشی کێبڕکێ ئەرکی دڵنیابوونەوەیە لە کارکردنی گونجاوی پێشبڕکێکان لە یەکێتی ئەوروپادا، بەتایبەتی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی گروپە گەورەکانی تەکنەلۆژیا کە لەم ساڵانەی دواییدا بوونەتە هۆی ئەوەی بەقورسی سزا بدرێن.