ئاستی ئاو لە ئیستانبوڵ بۆ کەمترین رێژە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا دابەزیوە

یەکێک لە بەنداوەکانی عەمبارکردنی ئاوی پاک لە ئیستانبوڵ - وێنە: ئەنادۆڵ
یەکێک لە بەنداوەکانی عەمبارکردنی ئاوی پاک لە ئیستانبوڵ - وێنە: ئەنادۆڵ

K24 – هەولێر:

ئاستی ئاو لە دەریاچە و بەنداوەکانی عەمبارکردنی ئاوی پاک لە ئیستانبوڵ لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 1.7% دابەزیوە، بەمەش ئاستی ئاو لەو شارە بۆ بۆ کەمترین رێژە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا دابەزی.

رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ئیستانبوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئاستی ئاو لە دەریاچە و بەنداوەکانی ئاوی پاکی شارەکە بە رێژەی 1.7% دابەزیوە و بەمەش کۆی گشتی ئاستی دابەزینی ئاو گەیشتە 40.33%.

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، قەبارەی ئاوی عەمبارکراو لەو بەنداوانەی کە ئاو بۆ ئیستانبوڵ دابیندەکەن 868 ملیۆن و 683 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و لە پۆندەکانیش 350 ملیۆن و 320 هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

هاوکات فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ئیستانبوڵ روونیکردووەتەوە، ئەو رێژەیەی تۆمارکراوە بەراورد بە هەمان کات لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا، کەمترین ئاستی دابەزینی ئاوە لە ئیستانبوڵ.

بەشێوەیەک لە ئێستادا رێژەی ئاوی بەنداوەکان لە ئیستانبوڵ کە لە فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ئیستانبوڵ تۆمارکراوە، ئۆمەرلی 73.08%، دارڵک 56.75%، ئسترانچاڵار 34.01%، ئەلمالی 31.29%، تێرکۆس 29.02%، سازڵیدەرە 23.99%، بویوکچەکمەجە 21.78%، ئالیبەی 21.56%، کازاندەرە 7.06% و پابوچدەرە 54.64%ـە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ئیستانبوڵ، قەبارەی کۆگاکردنی ئاوی پاک لە بەنداو و دەریاچەکانی ئیستانبوڵ دەگاتە 868 ملیۆن و 683 هەزار مەتر چوارگۆشە.

رێژەی ئاویی بەنداوەکان لە 19ـی تەمووزی ساڵی 2022 بریتی بووە لە %70.1 و لە ساڵی 2021ـدا، 70.19% بووە و لە هەمان رۆژی ساڵی 2020ـدا، دابەزیوە بح 60.44% و لە هەمان رۆژی ساڵی 2019ـشدا بەرزبووەتەوە بۆ 72.72% و لە ساڵی 2018ـدا، 74.79% بووە و لە ساڵی 2017، 74.06%، لە ساڵی 2016، ئەو رێژەیە 66.01% بووە و لە ساڵی 2015، 81.43% و لە 2014ـشدا 20.19% و لە 2013، 73.53% بووە.

لەلایەن خۆیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر لەڤەنت کوڕناز، بەڕێوەبەری سەنتەری گۆڕانی کەشوهەوا و جێبەجێکردنی سیاسەت و توێژینەوەکان لە زانکۆی بۆغازئیچی، راگەیاندووە، پێویستە دەست بە ئاوەوە بگیرێت کە ئیستانبوڵ بەردەوام روو لە کەمبوونەوە دەکات، جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئەو ئاوەی لە مەلەنەوە دێت، سەرچاوەی بەنداوەکانی ئیستانبوڵە بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا هیچ مەترسییەک بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاوی شارەکە نییە، بەڵام پێویستە ئاو بەفیڕۆ نەدرێت، چونکە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوان زیاد دەکات، ژمارەی سەرچاوە ئاوییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە".