حکومەتی بەریتانیا: چیتر هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا بەبێ ڤیزا ناتوانن بێنە وڵاتەکەمان

پاسپۆڕتی دۆمینیكا
پاسپۆڕتی دۆمینیكا

K24 - هەولێر:

حکومەتی بەریتانیا ئاشکرایکرد، بۆ لەمەودوا هەموو ئەو کەسانەی هەڵگری پاسپۆرتی دۆمینیکان، ئەگەر بیانەوێت سەردانی بەریتانیا بکەن، دەبێت پێش سەردانەکەیان داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشکەش بکەن.

ئاماژە بەوەشدراوە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستی بە چوار هەفتەیە و لە 16ـی ئاب بڕیارەکە بەسەر هەموو هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکادا جێبەجێ دەکرێت، ئەوانەشی پێش 19ـی تەمووز بۆ هاتن بۆ بەریتانیا تکتی فڕۆکەیان بڕیوە، دەتوانن لە ماوەی چوار هەفتەی داهاتوودا بەبێ ڤیزا گەشتەکەیان بکەن.

یەکێک لە ئامانجەکانی حکومەتی بەریتانیا لە ناچارکردنی هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێش سەردانیکردنی ئەو وڵاتە، کەمکردنەوەی کۆچی نایاساییە.

کۆمیساری باڵای بەریتانیا بە وەکالەت لە دۆمینیکا رایگەیاند: بەریتانیا و دۆمینیکا پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە و حکومەتەکانمان پێکەوە لەسەر کۆمەڵێک پرسی نێودەوڵەتی کار دەکەن، گوتیشی: دەرکردنی ئەو بڕیارە وەڵامێکە بۆ نیگەرانییە درێژخایەنەکانمان سەبارەت بە پرۆگرامی هاووڵاتیبوون بە وەبەرهێنان لە دۆمینیکا و ئەو مەترسییەی کە لەسەر بەریتانیا دروستی دەکات.

راشیگەیاند، گۆڕانکارییەکان پابەندبوونیان بە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات یان بە داهاتووی دۆمینیکا ناگۆڕن. هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا بە وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن بچنە بەریتانیا، گوتیشی: پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا یارمەتی پاراستنی سنوورەکانمان دەدات.

داواکاری وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا، لەرێگەی ئۆنلاین دەبێت، داوکار دەبێت لە وادەیەکی دیاریکراودا پاسپۆرت و بایۆمەتری خۆی ئامادە بکات، حکومەتی بەریتانیا پلانی وایە لە ماوەی 15 رۆژی کارکردندا، لەدوای وەرگرتنی پاسپۆرت و بایۆمەتری، پرۆسەی پێدانی ڤیزا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا تەواو بکات.

هەڵگرانی پاسپۆرتی دۆمینیکا دەتوانن سێ مانگ پێش ئەنجامدانی گەشتەکەیان، داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا پێشکەش بکەن.

جێی ئاماژە پێدانە، ژماره‌یه‌ك كۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان ماوه‌ی چەند ساڵێکە لەرێگەی پێشکەشکردنی مامەڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە وڵاتی دۆمینیکا، پاسپۆرت و مافی هاووڵاتیبوون بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.